سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رەزامەندیدا لەسەر خەرجکردنی زیاتر لە ملیارێک و 500 ملیۆن دینار بۆ شارەوانییەکانی هەولێر

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی نیشاندا لەسەر خەرجکردنی زیاتر لە ملیارێک و 500 ملیۆن دینار بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی ھەڵگرتنەوە و کۆکردنەوە و گواستنەوەی خاشاک و پاشماوەکانی شارەوانییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر.

ئەمڕۆ سێشەممە (23ـی ئایاری 2023)، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رەزامەندیی لەسەر تەرخانکردن و خەرجکردنی گوژمەی یەک ملیار و 513 ملیۆن و 800 ھەزار دینار دا، بە مەبەستی جێبەجێکردنی پرۆژەی ھەڵگرتنەوە و کۆکردنەوە و گواستنەوەی خاشاک و پاشماوەکانی شارەوانییەکانی پیرمام، مەلائۆمەر، بەستۆرە، دارەشەکران و زۆنی 12ـی سەڵاحەددین.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم رەزامەندییەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و بە رەچاوکردنی بەرژەوەندیی گشتی لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و فەراھەمکردنی ژینگەی پاک و راگرتنی سیمای جوانی شارەکان.

هاوکات ئەوەشی راگەیاندووە، ئەم گوژمەیە لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی ھەولێر خەرج دەکرێت.

هەروەها لە رۆژی (21ـی شوباتی 2023)، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رەزامەندی دا لەسەر تەرخانکردن و خەرجکردنی گوژمەی 20 ملیار و 848 ملیۆن دینار بۆ ماوەی 3 ساڵ، بەمەبەستی گواستنەوە، کۆکردنەوە، داپۆشینی خۆڵ و خاشاک لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی، بەشێوەیەک گوژمەی 9 ملیار و 975 ملیۆن بۆ ماوەی 3 ساڵ بۆ سنووری زۆنی (2) دوكان،  گوژمەی 10 ملیار و 873 ملیۆن بۆ ماوەی 3 ساڵ بۆ سنووری زۆنی (3)چەمچەماڵ.