روونکردنەوەیەک لە نووسینگەی سکرتێری پەرلەمانی كوردستانه‌وه‌

باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان
باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان

K24 – هەولێر:

نووسینگه‌ی سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان، له‌میانه‌ی روونكردنه‌وه‌یه‌ك رایده‌گه‌یه‌نێت، هەڵسوکەوتی ناشیرین لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمان لە فراکسیۆنی یەکێتیو بەرامبەر سکرتێری پەرلەمان ئەنجامدراوە، بۆ رای گشتی رایدەگەیه‌نین کە سکرتێری پەرلەمان ئەرکێکی تەواو یاسایی و پەیڕەوی ئەنجامداوە.

دوای ئەوەی لە دانیشتنی رۆژی (22ـی ئایاری 2023)ـی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 58 پەرلەمانتار، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی کاراکرایه‌وه‌، ئەمڕۆ دەقی بڕیارەکە لە وەقایعی کوردستان بڵاوکرایەوە، سکرتێری پەرلەمانی كوردستانیش به‌ ئەرکێکی تەواو یاسایی و پەیڕەوی وه‌سفی ده‌كات.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌ی نووسینگه‌ی سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان:

لەدوای بەرێوەچوونی دواین دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، چەندین لێدوان و هەڵسوکەوتی ناشیرین و دوور لە ئەتەکێت و رەوشتی پەرلەمانتاری لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمان لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەرامبەر بەرێز سکرتێری پەرلەمان ئەنجامدراوە، لێرەوە بۆ رای گشتی رادەگەیێنین کە بەرێز سکرتێری پەرلەمان لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەرکێکی تەواو یاسایی و پەیرەوی ئەنجام داوە.

لەپێناو پاراستنی دامەزراوە دەستوورییەکان و پاراستنی هەرێمی کوردستان لە چوونە ناو بۆشایی یاسایی و بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە کاتی یاسایی خۆییدا، هاوڕا بووە بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، بۆیە لێدوان و هەڵسوکەوتەکانی ئەو ژمارە کەمەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی هیچ بەهایەکیان لای سکرتێری پەرلەمان نییە و هیچ کاتێک نابنە لەمپەر لەبەردەم پابەندبوون بە یاسا بەرکارەکان و پاراستنی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان.

نووسینگەی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان