پارتی زافەر پشتیوانی بۆ کلچدار ئۆغڵو دەربڕی

K24 – هەولێر

پارتی زافەر لە تورکیا رایگەیاند، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا پشتیوانی لە کەمال کلچدار ئۆغڵو دەکەن.

ئومێد ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر لە تورکیا، پشتیوانی خۆی بۆ کەمال کلچدار ئۆغڵو کاندید بۆ سەرۆکایەتی تورکیا لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن دەربڕی.

بڕیارە 28ی ئەم مانگە گەڕی دووەمی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی تورکیا ئەنجامبدرێت، کە هەر یەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کلچدار ئۆغڵو رکابەری دەکەن.

کەمال کلچدار ئۆغڵو، كاندیدی هاوپه‌یمانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا لە بانگەشەی ئەوە دەکات، ئەگەر ببێتە سەرۆکی داهاتووی تورکیا سیستەمی سەرۆکایەتی لە وڵاتەکە هەڵدەوێشێنێتەوە و دەیکاتەوە بە سیستمی پەرلەمانی.

لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیا سێ کاندید رکابەریان دەکرد، بەڵام لە گەڕی دووەمدا دوویان ماونەتەوە، چونکە سینان ئۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی  ئاتا لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە 22ـی ئایاری 2023 رایگەیاند "بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردن پشتیوانی لە ئەردۆغان دەکەم".

لە 14ـی ئایاری 2023، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە تورکیا بەڕێوەچوو، رۆژی 15ـی ئایاریش، ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، دوای تەواوبوونی پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی راگەیاند و لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماریش هیچ یەکێک لە کاندیدەکانی نەیانتوانیوە رێژەی (50% +1) بەدەستبهێنن، بۆیە لە 28ـی ئەم مانگە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەدەچێت.