"تۆڕی هەماهەنگی پێکهاتەکان داوا ده‌كه‌ن هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجامبدرێت"

کۆنفرانسی رۆژنامەوانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی

K24 – هەولێر:

رێکخەری تۆڕی شەمسی عێراقی، رایدەگەیەنێت، خوازیاران لە تۆڕی هەماهەنگی پێکهاتەکان، داواکارن هەڵبژاردن لە کاتی و خۆیدا ئەنجامبدرێت و دوانەخرێت، هەروەها راشیگەیاند، دەبێت پێکهاتەکان لە چوارچێوەی هەڵبژاردندا جێگەیان بکرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (24ــی ئایاری 2023)، هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمسی عێراقی، لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی رایگەیاند، پێویستە پێگەی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

هەروەها راشیگەیاند،  پێویستە هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی دیکە پچێتە پێش، کە هەرێمێکی پێکەوە ژیانه‌ و جێەگەی هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانی لێدەبێتەوە.

هۆگر چەتۆ، ئاماژەی بەوەشدا، خوازیاران لە تۆڕی هاوپەیمانی پێکهاتەکان داواکارن هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت و دوانەخرێت.

رێکخەری تۆڕی شەمسی عێراقی، گوتیشی، "دەبێت پێکهاتەکان لە چوارچێوەی هەڵبژاردن جێگەیان بۆ بکرێتەوە".

باسی لەوەشکرد، دەبێت دەوڵەت و دامەزراوەکانی حکومەت بێلایەن بن لە مامەڵەکردن لەگەڵ پێکهاتەکان.

رۆژی هەینی (19ـی ئایاری 2023)، ئایدن مەعروف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هه‌موو لایه‌نه‌كان پێشوازی له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی ده‌كه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی خۆیدا.

هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ كات پێکهاتەکان نه‌بوونه‌ته‌ كێشه‌ بۆ پرۆسه‌ی سیاسی و ئه‌وان هه‌رگیز له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی كورسی کۆتای پێکهاتەکان نیین به‌سه‌ر ناوچه‌كاندا و هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك بكرێت، ده‌بێت به‌ راوێژ له‌گه‌ڵ پێکهاتەکان بكرێت و دووپاتیشیكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی ئێستا گرنگه‌ رێككه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌كێتی و هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌.