ئارام برادۆستی: هەفتەی داهاتوو دوو كۆمیسیاره‌كه‌ سوێندی یاسایی دەخۆن

ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی پارێزگای هەولێر
ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی پارێزگای هەولێر

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی پارێزگای هەولێر، رایدەگەیەنێت، کۆمیسۆن بە هیچ شێوەیەک رێگەی نەداوە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی پەرلەمانی کوردستاندا بکرێت. هاوکات راشیگەیاند، هەفەتەی داهاتوو دوو کۆمیسیارەکە سوێندی یاسایی دەخۆن.

ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی پارێزگای هەولێر، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد، پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن یاسایی بوو.

هەروەها راشیگەیاند، کۆمیسیۆن هیچ کێشەیەکی یاسایی نییە و هەفتەی داهاتوو دوو کۆمیسیارەکە سوێندی یاسایی دەخۆن.

بەڕێوەبەری گشتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی پارێزگای هەولێر، روونیکردەوە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە 9 ئەندام پێک دێت، دانیشتنەکانی کۆمیسیۆنیش بە زۆرینە بەڕێوەدەچن، هەروەها بڕیارەکانیشی بە هەمان شێوە بە زۆرینەی دەنگی ئامادەبوون بەڕێوەدەچێت.

ئارام برادۆستی، هیوادارە ئەو بارودۆخەی لە چەند رۆژی رابردوو دروستبووە هێور بکرێتەوە. گوتیشی، پێویستە خۆمان ئیدارەی خۆمان بدەین، پێویست ناکات لایەنێکی دیکە یاخود ده‌زگایه‌كی دیکە ئێمە بەڕێوەببات، وەک کۆمیسیۆنی عێراق یاخود هەر لایەنێکی دیکە.

دووپاتیشیکردەوە، ئەگەر لە هەفتەی داهاتووە دەست بە ئامادەکارییەکان بکەین، لەو بڕوایەدام لەو کاتەی کە دیاری کراوە بتوانین ئامدەکارییەکان تەواوبکەین، بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت.

هەروەها گوتیشی، لە رووی ئەمنی و دارایشەوە هەڵبژاردنەکانی پێشوو زۆر سەرکەوتوو بوون، پێشبینی دەکەین هی ئەمساڵیش بەو شێوەیە بەڕێوەبچێت.

سەبارەت بە ئەرکی کۆمیسیۆن جەختی لەوەکردەوە، ئەو ئیرادەیەی لە  کۆمیسیۆن هەبووە بە هیچ شێوەیەک رێگەی نەداوە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو ساختەکاری بکرێت، بەڵگەش سەرکەوتنی پرۆسەکە بووە لە ماوەکانی رابردوودا.