دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام کۆتاییپێهات

دووەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام بە خەڵات کۆتاییپێهات
دووەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام بە خەڵات کۆتاییپێهات

K24 - هەولێر:

لە ژێر درووشمی (ژن، ژیان، ئازادی)، دووەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام بە بەشداری 25 کورتە فیلم و دیکۆمێنتاریی بەڕێوەچوو.

دوای هەڵسەنگاندنی لیژنەی دادوەران و سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەکە، خەڵاتی باشترین فیلم و ئەکتەر و دەرهێنان بەخشرایە فیلمە بەشداربووەکان.

رێبەر دۆسکی بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە بۆ کوردستان24 گوتی: "ئامانجمان لە ئەنجامدانی ئەم فێستیڤاڵە بۆ ژنان نیشاندانی کولتووری کوردی و دروستکردنی پردی پەیوەندییە لە نێوان کۆمەڵگەی کوردی و جیهاندا".

22 فیلم بەرهەمی فیلیمسازانی کوردن لە هەر چوار پارچەی کوردستان، 3 فیلمیش بەرهەمی نەتەوەی دیکەیە، بەڵام ناوەرۆک و سیناریۆکانیان کوردین و لەگەڵ ئەمەشدا گۆرانی و موزیکی کوردی راستەوخۆ بۆ ئامادەبووان پێشکەش دەکرێت، لە کۆتایشدا ناوی باشترین ئەکتەر و باشترین فیلم و دەرهێنان ئاشکرا بوو.

گوتیشی: "هونەر هەمیشە چەکێکی کاریگەر بووە بۆ ئەوەی ناسنامەی نەتەوەیی خۆتی پێ بپارێزیت و لەو رێگەیەوە پەیامی میللەتەکەی خۆت بگەیەنیتە کۆمەڵگەی جیهان، تا ئێستا نەتوانراوە ئەم چەکە بەکاربهێنرێت بۆ ناساندنی میللەتێکی ستەملێکراو، بەڵکو ئامانجی ئێمەش، لەم فێستیڤاڵەدا کۆکردنەوەی کوردانی پارچەکانی کوردستان و کۆدەنگیە بۆ ئەوەی پێکەوە کاری هاوبەش پێشکەش بکەین کۆتایی هات، بەلای منەوە گرنگیش بوو بۆ ئەو کوڕ و کچە گەنجانەی لە هۆڵەندا لە دایکبوون گوێبیست و بینەری ئەو چیرۆکە تراژیدیانە بوون، کە بەسەر میللەتەکەیاندا هاتووە، لە کۆتایشدا خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بۆ زەهاوی سنجاوی و فیلمی منداڵی عیماد بوو، هەروەها خەڵاتی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی دەروازەی خەونەکان درایە نگین ئەحمەدی".

678