ئەمەریکا بڕیارێک لە بەرژەوەندی ئۆکرانیا دەردەکات

ئاڵای ئەمەریکا (راست) و ئۆکرانیا
ئاڵای ئەمەریکا (راست) و ئۆکرانیا

K24 - هەولێر

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بە فەرمی رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی سیستەمی موشەکی ناسامز و کەرەستەکانی بە ئۆکرانیا دەربڕی.

لە راگەیەندراوێکدا یەکەی هەماهەنگی بەرگری سەر بە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بڵاویکردەوە، بەهۆی پێویستی زۆری سوپای ئۆکرانیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی رووسیا لە ئاسمانەوە، بڕیاریاندا بەبەهای 285 ملیۆن دۆلار سیستەمی بەرگری ئاسمانی ناسامز و کەرەستەکانی بە کێیڤ بفرۆشن.

یەکەی هەماهەنگی بەرگری سەر بە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا باسی لەوەشکرد، ناردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ناسامز دەبێتە ئامرازێکی کاریگەری بۆ هاوکاریکردنی ئۆکرانیا، لە بەرگریکردن لە خاکەکەی.

سیستەمی بەرگری ئاسمانی ناسامز دروستکردنی ئەمریکا و نەرویجە بە هاوبەشی و توانای پێکدانی 72 ئامانجی جیاوازی لەیەک کاتتدا هەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە لەماوەی رابردوودا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، کێرل بۆگدانۆڤ، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سەربازیی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەکرد، کاتی دژەهێرش لەلایەن سوپای ئۆکرانیا بۆ سەر رووسیا نزیک بووەتەوە.

سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سەربازیی ئۆکرانیا راشیگەیاند، هێشتا ژمارەیەکی زۆر خەڵکی سیڤل لەژێر کۆنترۆڵی رووسیادان، هەر بۆیە پێویستە بە هەموو توانایانەوە هەوڵ بۆ دەرکردنی رووسیا لەسەر خاکەکەیان بدەن.

باسی لەوەشکرد، ئۆکرانیا هێشتا پێویستی بە چەکی زیاترە بەتایبەتی فڕۆکەی شەڕکەر و جۆرەکانی سیستەمی بەرگری.

پێشتر لە 20ـی ئایاری 2023، یێڤگێنی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەری رووسی رایگەیاندبوو، دوای 224 رۆژ لە شەڕ و پێکدادان، توانیویانە شاری باخمووت بە تەواوی کۆنتڕۆڵ بکەن و 25ی ئایاریش رادەستی سوپای رووسیای دەکەن، بەڵام دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر لەلایەن ڤۆلۆدیمیر زێلێنکسی، سەرۆکی ئۆکرانیا رەتکرایەوە کە تەواوی یاخمووت کەوتبێتە ژێر کۆنترۆڵی گرووپی ڤاگنەری رووسی.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.