لە گەڵاڵە یادی شۆڕشی گوڵان دەكرێتەوە

گوندی گەڵاڵە لە دەڤەری باڵەكایەتی - وێنە: هەڤاڵ مەلا/ کوردستان24
گوندی گەڵاڵە لە دەڤەری باڵەكایەتی - وێنە: هەڤاڵ مەلا/ کوردستان24

K24 – ھەولێر:

بەبۆنەی یادی ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئاھەنگێكی جەماوەریدا لە ناحیەی گەڵاڵەی دەڤەری باڵەكایەتی، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی ناوەندی و چین و توێژەكانی ناوچەكە، یادی ئەو شۆڕشە دەكاتەوە.

كرمانج عزەت، بەرپرسی لقی 26ی گوڵانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە كوردستان24ی راگەیاند، كاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ئاھەنگێكدا یادی شۆڕشی گوڵان دەكرێتەوە، ئاھەنگەكە چەندین چالاكی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت.

سەبارەت بە دیاریكردنی گەڵاڵە بۆ یادكردنەوەی شۆڕشی گوڵان، كرمانج عزەت گوتی: "لەسەر پێشنیازی سەرۆك بارزانی، گەڵاڵە بۆ یادكردنەوەی شۆڕشی گوڵان دیاریكراوە، چونكە گەڵاڵە ماوەیەكی شوێنی سەركردایەتی شۆڕش و كوردایەتی بووە".

وێنەیەکی ئەرشیفکراوی گەڵاڵە ئەوکاتەی سەرکردایەتی شۆڕشی لێ بووە
وێنەیەکی ئەرشیفکراوی گەڵاڵە ئەوکاتەی سەرکردایەتی شۆڕشی لێ بووە

بەرپرسی لقی 26ی گوڵان، راشیگەیاند: "ئامادەكاری تەواو كراوە بۆ بەڕێوەچوونی ئاھەنگەكە و بەشێك زۆر لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی و كۆمیتەی ناوەندیی، ھەروەھا پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، كادیر و ئەندامانی پارتی لە ناوچە جیاجیاكان و خەڵكی ناوچەكە بەشداری لەو ئاھەنگە دەكەن".

وێنەیەکی ئەرشیفکراوی گەڵاڵە ئەوکاتەی سەرکردایەتی شۆڕشی لێ بووە
وێنەیەکی ئەرشیفکراوی گەڵاڵە ئەوکاتەی سەرکردایەتی شۆڕشی لێ بووە

شۆڕشی گوڵان (26ی گوڵانی 1976)‌ له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ به‌ سه‌رپه‌ر‌شتی سەرۆک بارزانی دژی حكومه‌تی به‌عسی عێراق له‌ باشووری كوردستان هه‌ڵگیرسا و تا راپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی 1991 به‌رده‌وام بوو.

سەرۆک مەسعود بارزانی لە پێشەکی بەرگی چوارەمی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد) نووسیویەتی، هەرچەندە دەستپێکردنەوەی شۆڕش دوای نسکۆی ساڵی 1975 کارێکی ئاسان نەبوو، تەنانەت لای زۆر کەس پتر لە خەیاڵ دەچوو، بەڵام بە دەستپێکردن و هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، ئەو راستییە بە تەواوی سەلمێندرا کە بیروباوەڕ و ئیرادە لە سەرووی هەموو شتێکە و هیچ بەربەستێک توانای رووبەڕووبوونەوەی ئیرادە و بیروباوەڕی نییە.