ئێران نه‌وه‌ی چواره‌می مووشه‌كی بالیستی هه‌ڵده‌دات و فه‌ره‌نساش نیگه‌رانه
K24 - هەولێر:
ئێران په‌رده‌ی له‌سه‌ر نه‌وه‌ی چواره‌می مووشه‌كی بالیستی لادا، كه ناوی ناوه خه‌یبه‌ر و دوو هه‌زار كیلۆمه‌تر ده‌بڕێت، هاوكات حكومه‌تی فه‌ره‌نسا ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر به ئاشكراكردن و هه‌ڵدانی ئه‌و مووشه‌كه ده‌رده‌بڕێ و به پێشێلكردنی یاسای نێوده‌وڵه‌تی له قه‌ڵه‌م ده‌دا.
ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانی ئێران بڵاویانكرده‌وه، ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه 25ـی ئایاری 2023) وه‌زاره‌تی به‌رگری ئێران په‌رده‌ی له‌سه‌ر نه‌وه‌ی چواره‌می مووشه‌كی بالیستی لادا، كه به ناوی خه‌یبه‌ر دروستیكردووه و یه‌كێكه له دروستكراوی پیشه‌سازی ناوخۆی ئه‌و وڵاته.
به‌گوێره‌ی ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانی ئێران، مووشه‌كی خه‌یبه‌ر توانای بڕینی 2000 كلیۆمه‌تری هه‌یه و كێشه‌كه‌ی 1500 كیلۆگرامه. هاوكات میدیای ئێرانی روونیكردووه‌ته‌وه، ئه‌و مووشه‌كه به شێوه‌یه‌ك دروستكراوه، كه ده‌توانێت خۆی له ده‌زگای چاودێری ببپارێزێت و ده‌توانێت سیسته‌می دژه‌به‌رگری ئاسمانی ببڕێت.
له‌لای خۆیه‌وه كلیه‌ر لیگینده‌ر، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا، رایگه‌یاند، پاریس به‌و كاره‌ی تاران نیگه‌رانه، به‌تایبه‌ت كه خێرایی ئه‌و مووشه‌كه راده‌به‌ده‌ره و پێچه‌وانه‌ی بڕیاری ژماره 2231ـی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییه، كه له ساڵی 2015 ده‌رچووه.