ئیدمۆند غه‌ریب لە له‌سه‌رووی ناكۆكییه‌كانه‌وه خوێندنه‌وه بۆ ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات
K24 – هەولێر:
هه‌رێمی كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی دیفاكتۆ و پاشان له دوای ساڵی 2005 وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستووری له عێراقی فیدڕاڵ‌دا، له ماوه‌ی 32 ساڵی ته‌مه‌نی خۆیدا، وێڕای ئاسته‌نگ، هه‌ڕه‌شه، مه‌ترسی و ئاڵنگارییه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان، به‌ڵام توانی درێژه به مانه‌وه‌ی خۆی بدات. "ئه‌زموونی ئیداری قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان" ناونیشانی ئه‌لقه‌ی ئه‌م جاره‌ی به‌رنامه‌ی "له‌سه‌رووی ناكۆكییه‌كان" بوو، كه له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د زاوێته‌یی، نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و به میوانداری ئیدمۆند غه‌ریب، نووسه‌ر و بیرمه‌ندی عه‌ره‌بی ئه‌مه‌ریكی له كه‌ناڵی كوردستان24 پێشكه‌ش كرا.
ئیدمۆند غه‌ریب، له سه‌ره‌تای ساڵی 1970 به‌دواداچوونی بۆ پرسی كورد كردووه و به‌شێك له خوێندنی ئه‌كادیمیشی تایبه‌ت به‌و پرسه كردووه و له ماوه‌ی كاركردنی له‌سه‌ر پرسی كورد، چاوی به مه‌لا مسته‌فا بارزانی كه‌وتووه و له ئه‌لقه‌ی ئه‌م جاره‌ی به‌رنامه‌كه‌دا، بۆچوونی خۆی به‌رامبه‌ر به مسته‌فا بارزانی و سه‌ڵاحه‌ددینی ئه‌یووبی خسته ڕوو و رایگه‌یاند، دوو گه‌وره‌ترین سه‌ركرده‌ی مێژووی كورد و ناوچه‌كه بوون.
سه‌باره‌ت به پشتوانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له دروستكردن و پێكهێنانی قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، ئیدمۆند غه‌ریب ئاماژه‌ی به‌وه كرد، پاڵپشتیكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ دروستبوونی قه‌واره‌یه پێویست و گرینگ بوو، به‌ڵام پاڵپشتی و پشتگیری ناوخۆیی زۆر گرینگتره، بۆیه گرینگه گفتوگۆ و دانوستان له‌نێوان هه‌ردوولا به‌رده‌وام بێت، بۆ ئه‌وه‌ی له ململانێ دووربكه‌ونه‌وه و له رێگه‌ی گفتوگۆ و دانوستانه‌وه تیشك بخه‌نه سه‌ر چاره‌سه‌رییه‌كان.
باسی له‌وه‌شكرد، كه له ئێستادا ده‌رفه‌ت و زه‌مینه‌ی باش له ئارادایه له‌نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، روونیشیكرده‌وه، ده‌رفه‌ت و زه‌مینه‌كان خۆیان له گوتارانه ده‌بیننه‌وه، كه سه‌ركرده‌كان له میانی كردنه‌وه‌ی یادگه‌ی نیشتمانی بارزانی ئاراسته‌یان كرد. به‌شێوه‌یه‌ك له گوتاره‌كانی سه‌رۆك بارزانی و له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆككۆماری عێراق و محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق جۆرێك كرانه‌وه‌ی ئه‌رێنی به‌رامبه‌ر به یه‌كدی هه‌بوو. جه‌ختیكرده‌وه، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له ناوخۆدا باشترین بژارده‌یه، به‌ر له‌وه‌ی ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی رووبدات، چونكه وڵاتانی دیكه به‌ر له هه‌موو شت، به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان پێش ده‌خه‌ن.
ئیدمۆند غه‌ریب روونیكرده‌وه، گفتوگۆ ناوخۆییه‌كان زیاتر و به‌رفراوانتر بكرێن و لێكتێگه‌یشتنی جیددی له‌نێوان لایه‌نه‌كان دروست ببێت، گوتیشی، له هه‌مان كاتدا، نابێ به‌هێزكردن و قووڵكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه فه‌رامۆش بكرێت. "ده‌كرێت هه‌مووان سوود له به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌كان وه‌ربگرن، له‌لایه‌كی دیكه‌وه ناكرێ ئه‌و راستییه له‌بیر بكرێت، كه وڵاتانی دراوسێ دۆزی كورد به مه‌ترسی له‌سه‌ر خۆیان ده‌زانن".
له‌باره‌ی ناكۆكییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و چین هه‌روه‌ها رووسیا و ئۆكرانیا، هاوكات چه‌ند ناكۆكییه‌كی دیكه‌ی هه‌رێمی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی له داهاتوودا چ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كات، تاوه‌كو پارێزگاری له خۆی بكات؟ ئیدمۆند غه‌ریب گوتی، راستییه‌كه‌ی جیهان به شێوازێكی دیكه دابه‌ش ده‌كرێته‌وه، شێوازه‌كه روون نییه، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه رووسیا گه‌ڕاوه‌ته‌وه گۆڕه‌پانه‌كه و رۆڵی نێوده‌وڵه‌تی خۆی ده‌بینێته‌وه، له هه‌مان كاتدا، چینیش وه‌ك زلهێزێكی ئابووری هه‌ژموون و كاریگه‌ری هه‌یه، ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریكا دركی به‌وه كردووه، كه رووسیا له رووی سه‌ربازییه و چینیش له رووی ئابوورییه‌وه، ده‌بێت خوێندنه‌وه‌ی حیساباتی وردتریان بۆ بكرێت، به‌شێوه‌یه‌ك چین نێوه‌ندگیری له‌نێوان سعوودیه و ئێران كرد، كه دواتر رۆڵی سووریا بۆ ناو كۆمكاری عه‌ره‌بی و ناوچه‌كه گه‌ڕایه‌وه، بۆیه لێره‌دا گرینگی گفتوگۆ و دانوستانه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندی هاوسه‌نگ روون ده‌بێته‌وه، هه‌روه‌ها كه‌شی ئه‌و بارودۆخانه له داهاتوودا له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا ده‌بێت. بۆ نموونه ره‌نگه ده‌رفه‌تی دروستبوونی چه‌ندین هه‌رێم بهێته ئاراوه، به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و هه‌رێمانه بیانه‌وێ گه‌ل و هاونیشتمانییه‌كانیان هاند بده‌ن و به‌رژه‌وه‌ندی خزمه‌تكردنی زیاتریان له‌به‌رچاو بگرن.
دكتۆر ئیدمۆند، سه‌رنجی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه له ئێستا و ئایینده‌دا جه‌ختكردنه‌وه‌كان له‌سه‌ر ئازادی و په‌یوه‌ندی و به‌رژه‌وه‌ندی و كرانه‌وه ده‌بێت، له‌م سۆنگه‌یه‌وه هه‌مووان پێویستیان به هاوكاری و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش هه‌یه، بۆیه له‌مه‌ودوا ده‌كرێت ئه‌م ئه‌گه‌ره دروست ببێ، به ئه‌مه‌ریكا بگوترێ، ئه‌گه‌ر هاوكاریم نه‌كه‌ی، ده‌بمه هاوپه‌یمانی چین یان رووسیا یانیش هه‌ر وڵاتێكی دیكه.
له‌باره‌ی دیدگه و هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ دیپلۆماسییه‌تی كورد له ئێستادا، دكتۆر ئیدمۆند، ئاماژه‌ی به‌وه كرد، كه وه‌ك ده‌بینرێت، هه‌وڵدانێكی زیاتر هه‌یه بۆ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی ناو‌خۆ، هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی، گوتیشی، وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت هه‌ندێك جار چ هه‌رێمی كوردستان یان لایه‌نی ده‌ره‌كی به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ده‌ڕوانن و مامه‌ڵه ده‌كه‌ن، بۆ نموونه به‌شێك له ئه‌مه‌ریكییه‌كان پێیان وایه هاوسۆزی و په‌یوه‌ندییه‌كی دۆستانه‌ی كورد له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكییه‌كان هه‌یه، به‌ڵام هه‌ندێكی دیكه له ئه‌مه‌ریكییه‌كان پرسیار ده‌كه‌ن، كه ئاخۆ كورد چ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی بۆ ئه‌مه‌ریكا و ئه‌مه‌ریكییه‌كان هه‌یه؟
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، دكتۆر ئیدمۆند باسی له‌وه كرد، كاتێك باس له به‌غدا و هه‌ولێر ده‌كرێت، واته گفتوگۆ، دانوستان و لێكتێگه‌یشتنی به‌رده‌وام بۆ پرس و به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌كان، گرینگه ئاسایش و سه‌قامگیری له هه‌موو ناوچه‌كاندا به‌رقه‌رار بێت، چونكه ناسه‌قامگیری و نه‌بوون یان لاوازی ئه‌منی لایه‌ك، زیان به لایه‌نه‌كه‌ی دیكه ده‌گه‌یه‌نێت. گوتیشی، ئه‌گه‌ر ئێستا بابه‌ته‌كه په‌یوه‌ست بێت به سه‌ربه‌خۆیی، راستییه‌كه‌ی به‌رهه‌ڵستكاری و نه‌یاریكردن له به‌غدا و له ناوچه‌كه‌ش دروست ده‌بێت، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ده‌كرێت قسه له‌سه‌ر ماف و داكۆكیكردن بێ له مافی خه‌ڵك و شایسته‌كان و دابه‌شكردنی سامانه سروشتییه‌كانی ئه‌و وڵاته له‌سه‌ر بنه‌مای دادپه‌روه‌ری و ره‌چاوكردنی وه‌ك ماف.
له‌باره‌ی سه‌ڵاحه‌ددینی ئه‌یووبییه‌وه سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا، كه زۆر كاری گرینگی كردووه، به‌ڵام تێگه‌یشتین ئه‌و سه‌رده‌م بۆ نه‌ته‌وه جیاواز بوو له تێگه‌یشتنی قۆناغی دوای ئه‌و بۆ نه‌ته‌وه. گوتیشی، سه‌ڵاحه‌ددین تێگه‌یشتنێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له په‌یوه‌ندیدا، بۆ نموونه له‌لایه‌ك په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ فاتیمییه‌كان له میسر هه‌بوو، هاوكات له‌گه‌ڵ عه‌باسییه‌كان له به‌غدا ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی باشتر بوون، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ خاچ دروشمه‌كانیش په‌یوه‌ندی هه‌بووه، كه هه‌ر ئه‌وه وایكرد له یه‌ك كاتدا سه‌ركه‌وتن و رێز به‌ده‌ستبهێنێت. جه‌ختیكرده‌وه، كه هه‌ر یه‌ك له سه‌ڵاحه‌ددین و مسته‌فا بارزانی دوو گه‌وره‌ترین سه‌ركرده‌ن له مێژووی كورددا، ته‌نانه‌ت ره‌نگه له‌سه‌ر مێژووی ته‌واوی ئه‌و ناوچه‌یه‌شدا.
تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له یه‌ك كاتدا، به‌رپرسیاریه‌تی له‌سه‌ر حكومه‌تی ناوه‌ندی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، به‌ڵام به ئاست و ئه‌ركی جیاواز، گوتیشی، ده‌بێت هێشتا فیدڕاڵی لای هه‌مووان به‌تایبه‌تی له لای خه‌ڵك زیاتر روونتر بكرێته‌وه و به هه‌مووان بگوترێ، كه فیدڕاڵی چییه، هه‌روه‌ها جه‌ختبكرێته‌وه كه به‌رژه‌وه‌ندی هه‌مووان له فیدڕاڵیه‌ت دایه. ئه‌گه‌ر ئه‌مه له لایه‌ن زۆرینه‌وه په‌سند كرا، به‌دڵنیاییه‌وه گۆڕانكارییه‌كی ئه‌رێنی رووده‌دات.
سه‌باره‌ت به ئه‌زموونی 32 ساڵی رابردووی قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه كرد، سه‌ركردایه‌تی كورد له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه له چۆنیه‌تی به‌رده‌وامیدیان به به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌یش واقیعێكی ئه‌زموونكراو و سه‌لمێنراوه، بۆیه سه‌ره‌ڕای بوونی هه‌موو ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ی له ماوه‌ی ئه‌و 32 ساڵه‌ی رووبه‌ڕووی هه‌رێم بووه‌ته‌وه، به‌ڵام گۆڕینی ئه‌و واقیعه‌ی له‌و هه‌رێمه هه‌یه، ئاسان نییه، سه‌ركردایه‌تی كورد توانای سروشتی خۆیه‌تی و سه‌لماندوویه‌تی توانای به‌یه‌كه‌وه‌ژیان و هه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه‌ی هه‌یه، "ئه‌م سه‌ركردایه‌تییه توانی رێگر بێت له به‌رده‌م هه‌موو ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی ده‌بوونه مه‌ترسی به‌رامبه‌ر به نه‌هێشتنی ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه له هه‌رێم هه‌یه".
دكتۆر ئیدمۆند، جه‌ختیكرده‌وه، كورد ده‌توانێت په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و گه‌لی ئه‌مه‌ریكا به‌رفراوانتر بكات و جگه له ئاست و لایه‌نی سیاسی و دیپلۆماسی، هه‌موو ئاست و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی رۆشنبیری، ئابووری، هونه‌ری و پیشه‌سازی بگرێته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌و په‌یوه‌ندییانه جگه له‌لایه‌نی حكومی، پێویست ده‌كات له‌سه‌ر ئاستی كۆمپانیا و ناوه‌نده‌كانیش بێت، بۆ نموونه كردنه‌وه‌ی چه‌ندین سه‌نته‌ری توێژینه‌وه بۆ ئاشناكردنی ئه‌مه‌ریكا به په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كورد، هاوكات نیشاندانی فیلمی كوردی له سینه‌ماكانی ئه‌مه‌ریكا، كه ده‌توانێت رای حكومه‌ت و گه‌لی ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌رێمی كوردستان زیاتر رابكێشێت، نه‌خاسمه كه ئێستا جارێكی دیكه فره‌جه‌مسه‌ری له ناوچه‌كه له‌ناو وڵاتانی زلهێزدا دروست ده‌بێت، بۆیه بۆ كورد گرینگه، فۆكه‌سی زیاتر بخاته سه‌ر ئه‌مه‌ریكا و په‌یوه‌ندییه‌كان ئاڵوگۆڕ بكه‌ن، كه ره‌نگه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و نێوه‌نده‌دا له هه‌ندێك شایسته‌دا سوودمه‌ند بێت و به ئامانجه‌كه‌ی بگات.