لە دەریای ناوەڕاست بەلەمێک بە 500 کۆچبەرەوە ونبووە

نقومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاست - ئەرشیف
نقومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاست - ئەرشیف

K24 – هەولێر:

بەلەمێک کە نزیکەی 500 کۆچبەری لە لیباوە هەڵگرتووە و بەرەو کەناراوەکانی ئیتاڵیا دەچوو، لە دەریای ناوەڕاست شوێنبزر بووە و تا ئێستا چارەنووسی سەرنشینەکانی بە نادیاری ماوەتەوە.

ئەمڕۆ هەینی (26ـی ئایاری 2023)، بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاست شوێنبزر بووە و ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، بەلەمێکی کۆچبەران بە 500 سەرنشینەوە لە باکووری بەندەری بەنغازی لە دەریای ناوەڕاست شوێنبزربووە و بەشێک لە سەرنشینەکانیش منداڵ و ئافرەتی دووگیانن.

لەلایەن خۆیانەوە، پاسەوانی سنووری ئیتاڵیا ئاشکرایکردووە، بەلەمەکە لە لیبیاوە بەرەو کەناراوەکانی ئیتاڵیا هاتووە و تیمەکانی فریاکەوتن 24 کاتژمێرە بەشوێن بەلەمەکەدا دەگەڕێن بەڵام هیچ نیشانە و پارچەیەکی کەشتییەکەیان نەدۆزیوەتەوە.

ئەمە یەکەم رووداوی لەو شێوەیە نییە و لە (11ـی نیسانی 2023)، بەلەمێکی دیکە کە 400 کۆچبەری وڵاتانی ئەفریقی لەخۆگرتبوو لە دەریای ناوەراست لە سنووری نێوان لیبیا و ماڵتا رێگای لێونبوو، کە بەرەو وڵاتی ئەڵمانیا دەچوو کە دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییە دەریاییەکانی ماڵتاوە رزگارکران.

هەروەها لە سەرەتای مانگی رابردوو، بەهۆی نقومبوونی سێ بەلەمەوە کە کۆچبەرانیان بەشێوەی نایاسایی دەگواستەوە بۆ ئەوروپا، زیاتر لە 30 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە دوو بەلەمیان لە کەناراوەکانی تونس و ئەوەی دیکەیان لە سنووری ئاوی ئەڵمانیا نقومبوون.

لە (27ـی شوباتی 2023)ـش ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کۆچ و پەنابەران رایگەیاند، بەلەمێکی کۆچبەرەکان کە لە بەندەری ئیزمیری تورکیاوە بەرەو کەناراوەکانی ئیتاڵیا بەڕێکەوتووە و زیاتر لە 200 پەنابەریشی تێدابووە. تێکشکاوە و بەهۆیەوە 59 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و لەو ژمارەیەش 12 کەسیان منداڵ بوون کە هاوڵاتی ئێران، ئەفغانستان، پاکستان و سۆماڵ بوون.