وەزارەتی بەرگری سوودان داوای چەک هەڵگرتن لە خانەنشینان دەکات

K24 – هەولێر

وەزارەتی بەرگری  سوودان بە فەرمی داوا لە هەموو ئەو خانەنشینانە دەکات کە توانای هەڵگرتنی چەکیان ماوە سەردانی بنکەکانی سوپا بکەن بۆ چەکدارکردنیان.

لە راگەیەندراوێکدا فەریق یاسین ئیبراهیم، وەزیری بەرگری سوودان رایگەیاند "بانگەشەیەکی خۆبەخشانە دەستپێدەکەن، لە رۆژی دووشەممە 29ی ئایاری 2023ـەوە، هەر خانەنشینێک دەتوانێت چەک هەڵبگرێت، سەردانی نزیکترین بنکەی سوپان بکەن بۆ وەرگرتنی چەک".

لە بەرامبەردا، هێزی پشتیوانی خێرا ئەو هەنگاوەی سوپای سوودانی سەرکۆنەکرد و بە شکست بۆ سوپا ناویهێنا لە بەرامبەر هێزەکانیان.

هێزەکانی پشتیوانی خێرا ئاماژەی بەوەشدا "سوپای سوودان لە جێگەی ئەوەی رێکارەکانی چەسپاندنی ئاشتی بەهێزبکات، بە چەکدارکردنی خەڵک دۆخەکە زیاتر ئاڵۆزدەکات".

لە رۆژی 15ـی نیسانی 2023ـەوە، لە خەرتووم پایتەختی سوودان و چەندین شاری دیکە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا و تائێستاش بەردەوامە.​​​​​