پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد

گەنم لە یەکێک لە سایلۆکانی هەرێمی کورستان (ئەرشیف)
گەنم لە یەکێک لە سایلۆکانی هەرێمی کورستان (ئەرشیف)

K24 - هەولێر

پڕۆسەی وەگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و ئەمساڵ حکومەتی عێراق بڕیاریداوە 375 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت. جیاوازیش لە ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ جووتیاران دەتوانن دوایی رادەستکردنی گەنمەکەیان، شایستە داراییەکانیان وەربگرن.

ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئایاری 2023، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و پڕۆسەکە بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بڕیاریداوە بۆ ئەمساڵ 375 هەزار تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان وەربگرێت؛ 120 هەزار تۆن گەنم لە پارێزگای هەولێر، 113 هەزار تۆن لە پارێزگای دهۆک و 142 هەزار تۆنیش لە پارێزگای سلێمانی و، ئەگەر زیاتر لە پشکی هەرێمی کوردستان بەرهەمی گەنم هەبێت، لیژنەی دانانی پلانی کشتوکاڵی ساڵ و وەرگرتنی گەنم لە عێراق جارێکی دیکە کۆدەبێتەوە و بڕیاری دیکە دەدات.

لەبارەی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی عێراق 40 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم و بۆ هەر تۆنێک گەنم 850 هەزار دینار دیاریکراوە و، وەکو خۆی دەڵێت، دوای رادەستکردنی گەنم، جووتیاران دەتوانن شایستە داراییەکانیان وەربگرن.

رۆژی پێنجشەممە 25ـی ئایاری 2023، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق 375 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت. گوتیشی: "چاوەڕێمان دەکرد حکومەتی فیدراڵی، وەکو ناوچەکانی دیکەی عێراق مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام بەداخەوە دەکرێت بڵێم هەموو ساڵێک ستەمێک لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکرێت کە بۆ وەرگرتنی گەنم بڕمان بۆ دیاری دەکەن.''

رۆژی چوارشەممە 24ــی ئایاری 2023، سەعید عومەر، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە کوردسستان24ـی راگەیاند، ئەمساڵ بڕیاروابوو ئەمساڵ حکومەتی عێراق یەک ملیۆن و 800 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بەڵام بەغدا رێژەکەی بۆ 375 هەزار تۆن گەنم کەمکردووەتەوە.

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە ئاماژەدان بەوەی، ئەو گەنمە زیادەی دەمێنێتەوە، جووتیاران ئازادن لەوەی کە چۆن دەیفرۆشن و بە کێی دەفرۆشن. گوتیشی، بڕیارەکەی بەغدا تایبەت بە سنوردارکردنی وەرگرتنی رێژەی گەنم، کاریگەری لە نرخی بەرهەمە گەنمییەکان دەبێت لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان و نرخەکانی بە رێژەیەک بەرچاو دادابەزێت.

لەلایەکی دیکەوە؛ رۆژی دووشەممە 22ـی ئایاری 2023، د.زێدا محەممەد کەریم، بەرێوەبەری گشتی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمساڵ جیاوای ناکرێت لە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و گەنمەکە بەپێی کواڵێتییەکەی پلەبەند ناکرێت "ئەمەش لە بەرژەوەندیی جووتیارانی هەرێمی کوردستاندایە، چونکە لەماوەی ساڵانی رابردوودا گەنم بەپێی کواڵیتییەکەی پلەبەند دەکرا".

لەبارەی بەرهەمی ئەمساڵی گەنم لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، رۆژی سێشەممە 9ـی ئایاری 2023، محه‌مه‌د خه‌زاعی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، پێشبینی ده‌كەن ئه‌مساڵ ئاستی به‌رهه‌مهێنانی گه‌نم چوار ملیۆن و نیو تۆن بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتربێت.

ساڵی 2022، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق 305 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت؛ لە پارێزگای هەولێر 117 هەزار و 773 تۆن، لە سلێمانی 136 هەزار و 500 تۆن گەنم و لە دهۆک 52 هەزار و 195 تۆن و 100 کیلۆ گەنم.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2021، بڕەکە بەراورد بە ئەمساڵ و ساڵی 2022 کەمتر بوو، چونکە حکومەتی عێراق تەنها 125 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارنی هەرێمی کوردستان وەرگرت، بەم شێوەیە؛ لە پارێزگای هەولێر 46 هەزار تۆن، لە سلێمانی 72 هەزار تۆن و لە دهۆک تەنیا حەوت هەزار تۆن گەنم.