بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر: شەممەی داهاتوو دەستدەکەین بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر رایگەیاند، لە شەممەی داهاتوەوە دەستدەکەین بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران. هەروەها راشیگەیاند، بۆ هەر تۆنە گەنمێک، بڕی 850 هەزار دەدرێتە جووتیاران.

ئەمڕۆ چوارشەممە (24ــی ئایاری 2023) سەعید عومەر، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کوردسستان24، رایگەیاند، ئەمساڵ بڕیاروابوو ملیۆنەک و 800 هەزار تۆن گەنم وەربگیرێت، بەڵام بەغدا رێژەکەی  بۆ 375 هەزار تۆن گەنم کەمکردەوە.

هەروەها راشیگەیاند، ئەمە ستەمێکە  لەلایەن بەغداوە لە جوتیارانمان کرا، 120 هەزار تۆن بۆ هەولێر دەستنیشانکراوە، 113 هەزار تۆن بۆ دهۆک دەستنیشانکراوە و 142 هەزاری تۆنیش بۆ سلێمانی  دەستنیشانکراوە.

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، باسی لەوەشکرد، ئەو گەنمە زیادەی جوتیاران دەمێنێتەوە، ئازادن لەوەی کە چۆن دەیفرۆشن و بە کێی دەفرۆشن.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەم بڕیارەی بەغدا تایبەت بە سنوردارکردنی وەرگرتنی رێژەی گەنم، کاریگەری لە نرخی بەرهەمە گەنمییەکان دەبێت لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان و نرخەکانی بە رێژەیەک بەرچاو دادابەزێت.

لەبارەی چۆنیەتی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، سەعید عومەر، گوتی: ئەمساڵ بەروارد بە پار ساڵ، جوتیار سەرپشکن لەوەی چەندە لە رێژەی گەنم بدەنە سایلۆکان، ئەمساڵ بۆیان دیاریکراوە کە رێژەی چەندە.

گوتیشی: ئەو جوتیارانەی کە لە وەزارەتی کشتوکاڵ ناویان تۆمارکراوە، تەنیا ئەوان دەتوانن گەنمەکانیان رادەستی سایلۆکان بکەن، ئەوانەی ناویان تۆمارنەکراوە، ناتوانن گەنم بدەنە سایلۆکان.

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، لە کۆتای قسەکانیدا گوتی: "دەمەوێت مژدەیەکی دڵخۆشکەر بدەمە جوتیارانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چەکێکی 10 ملیار دیناری لە بەغداوە گەیشتە هەرێمی کوردستان، ئەو جوتیارانەی کە گەنمەکانیان رادەستی سایلۆکان دەکەن، دەتوانن چەکی پارەکان راستەوخۆ وەربگرن".