هێمن هەورامی: بۆ هەموو لایەک دەرکەوتووە کێ لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە

هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رەتیدەکاتەوە، هیچ هەنگاوێکی ناپەیرەویی و نایاساییان لەبارەی پرسی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران نرابێت. دەشڵێت، بۆ هەموو لایەک دەرکەوتووە، کێ لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە و کامە لایەنیش لێی دەترسێت.

ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئایاری 2023، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، رۆژێک پێش بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی دووشەممە 22ـی ئایاری 2023، لەلایەن رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان و حزبەکەیەوە "پلان بۆ تێکدانی ئەو دانیشتنەی پەرلەمانی کوردستان" دانرابوو و، ئەوانیش وەکو پارتی ئاگاداری ئەو هەوڵە بوون.

هێمن هەورامی دەڵێت، "نابێت یەکێتی پەرلەمانی کوردستان وەکو مەڵبەندێکی خۆی و پارتیش وەکو لقێکی خۆی تەماشە بکات." ئاماژە بەوەش دەدات، ئەوەی ئەوان (فراکسیۆنی پارتی) کردوویەتی بۆ کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، هەنگاوێکی پەیرەویی و یاسایی بووە و، لە چەندین کۆبوونەوەدا داوایان لە یەکێتی کردووە، پرسی هەمواری هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بخەنە نێو یەک بەرنامەی کاراوە، بەڵام رەتیانکردووەتەوە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە بەمزووانە ئەو دوو ئەندامە نوێیەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، کە هەڵبژێردراون، لە بەردەم ئەنجوومەنی دادوەریی سوێندی یاسایی بخۆن.

وەکو ئەوەی هێمن هەورامی دەڵێت، "ئێستا بۆ هەموو لایەک دەرکەوتووە کێ جیددییە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و کێ لە هەڵبژاردن دەترسێت"، بۆیە هیوای خواست هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت و هیچ لایەنێکی سیاسی کۆسپ بۆ بەڕێوەچوونی دروست نەکەن.

رۆژی دووشەممە 22ـی ئایاری 2023، زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە تەلاری پەرلەمان رایگەیاند، بە کۆی دەنگی ئەو 58 ئەندام پەرلەمانەی کە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنبوون و لەگەڵ ئەوەدا نەبوون بۆشایی یاسایی لە هەرێمی کوردستان دروست ببێت، دەنگ لەسەر بڕگەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی درا و کاراکرایەوە. 

لای خۆیەوە پێشەوا هەورامی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن کۆتایی بەو مشتومڕانە هێنا کێ لەگەڵ ئەنجامدان و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنە.

بەگوتەی پێشەوا هەورامی، وەکو پارتی لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خویدا ئەنجام بدرێت و دوا نەخرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەماوەی رابردوودا بژاردەیەکی "ناچاری بوو، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان نەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە".

هاوکات بژار زوبێر کۆچەر، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن؛ کوردستان24ـی راگەیاند، بەگوێرەی ماددەی 48 و بڕگەی چوارەم لە پەیرەوی ناوخۆیی پەرلەمانی کوردستان، هەنگاوی فراکسیۆنی پارتی "100  %پەیرەویی و یاسایییە" و هیچ سەرپێچییەک ئەنجام نەداوە.