بانگهشهی ههڵبژاردن كۆتاییهات و ئهردۆغان دهڵێت: سبەی سەردهكهوین
K24 - هەولێر:
له توركیا بانگهشهی ههڵبژاردن كۆتاییهات و سبهی گهڕی دووهمی ههڵبژاردنی سهرۆككۆمار بهڕێوهدهچێت.
سبهی (یهكشهممه 28ـی ئایاری 2023) كاتژمێر 8:00ـی بهیانی تاكو 5:00ـی ئێواره، گهڕی دووهمی ههڵبژاردنی سهرۆكایهتی كۆماری توركیا بهڕێوهدهچێت و كاتژمێر 5:00ـی ئهمڕۆ ئێواره، بانگهشهی ههڵبژاردن كۆتاییهات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و کاندیدی هاوپەیمانێتی کۆمار، بە بەشداریی 70 هەزار لایەنگر لە پارێزگای ئیستانبوڵ ئهمڕۆ رایگەیاند، پێویستە لایەنگرانیان خەمساردیی نەکەن و سبهی بە گڕوتینەوە بەشداریی لە پرۆسەی دەنگدان بکەن.
سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند، سبەی ئێوارە سەرکەوتن بەدەست دههێنین و جگە لە گەلی تورکیا، ئەم سەرکەوتنە دەبێتە هۆی دڵگرانی گرووپێکی چاوچنۆک و کەسانێک کە لە قەندیلەوە هەوڵی دیزاینکردنی سیاسەتی تورک دەدەن.
ئهردۆغان گوتی: "ئۆپۆزسیۆن دەزانێت کە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرناکەوێت، بۆیە هەوڵدەدات جەمسەرگیری لەنێوان خەڵک دروست بکات".
گوتیشی: "سەرکەوتنی سبەی ئێوارە جگە لە گەلەکەمان، تەنیا دەبێتە هۆی دڵگرانی گرووپێکی چاوچنۆک و کەسانێک کە لە قەندیلەوە هەوڵی دیزاینکردنی سیاسەتی تورکیان داوە و ئیرادەی گەلیان بەلاوە ناوە".
دهشڵێت: "پەکەکە لە دەرەوەی وڵات هێرشیکردە سەر دەنگدەران، بەڵام ئەوان بە بوێرییەوە دەنگی خۆیان دا، ئێستا زۆرینەی پەرلەمان لە ئێمەیە و توانای رێکخستنەوە و هەموارکردنەوەی یاسامان هەیە".
لهلایهكی دیكهوه سەرۆکی پارتی دەڤا رایگەیاند، بە ئەگەرێکی زۆر کەمال کڵچدارئۆغڵو لە گەری دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماردا سەردەکەوێت.
عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دەڤا لە بەرنامەیەکی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، گوتاریکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، لە 14ـی ئایارەوە تاوەکو ئەمڕۆ پاڵپشتیەکان بۆ کەمال کڵچدارئۆغڵو زیاد بوون.
سەرۆکی پارتی دەڤا راشیگەیاند، بە ئەگەرێکی زۆر کڵچدارئۆغڵو لە گەری دووەم بەسەر ئەردۆغاندا سەردەکەوێت.
سەرۆکی پارتی دەڤا راشیگەیاند، هەشت ملیۆن دەنگدەر هەن بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا نەکردووە، هاوکات یەک ملیۆن دەنگی پووچەڵکراو هەن بۆیە ئەو جیاوازەییەی کە لە گەری یەکەمدا لە نێوان ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو دەتوانرێت بەلاوەبندرێت.
سینان ئۆغان پشتیوانی لە ئەردۆغان دەکات
رۆژی دووشەممە (22ـی ئایاری 2023)، سینان ئۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لەمیانی گوتارێکدا لە ئەنقەرە پشتیوانی خۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا راگەیاند و داوای لەو دەنگدەرانە کرد کە لە گەڕی یەکەم متمانەیان بەوداوە، لە گەڕی دووەم دەنگ بە ئەردۆغان بدەن، وەک خۆی رایگەیاند، کاندیدەکی هاوپەیمانی کۆمار لە بەرنامە و داواکارییەکانی ئەوان نزیکە.
سینان ئۆغان کە خۆی یەکێک بوو لە سەرکردەکانی مەهەپە کە هاوپەمانی ئاکپارتییە لە هاوپەیمانی کۆمار و لە پێکهێنانی حکومەتی پێشووی ئەو وڵاتەش هەر پێکەوەبوون، دوای جیابوونەوەی لە مەهەپە، بۆ هەڵبژاردنی 14ـی ئایار، هاوپەیمانی ئاتای پێکهێنا و خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا کاندید کرد و زیاتر لە دوو ملیۆن و 800 هەزار دەنگی بەدەستهێنا.
پێشتریش لە ساڵانی 2011 تا 2015 ئەندامی پەرلەمانی تورکیا بووە و بە یەکێک لە سەرکردە توندڕەوەکان دژ بە پەکەکە و پەنابەرە سوورییەکان ناسراوە و ئەو دوو مەرجەشی هەبوو، بۆ راگەیاندنی پشتیوانی یەکێک لە کاندیدەکانی گەڕی دووەمی هەڵبژاردن.
پارتی زەفەر پشتیوانی لە کڵچدارئۆغڵو دەکات
تەنیا دوو هەفتە بەس بوو بۆ بینینی دابەشبوونی ئەو هاوپەیمانییەتە نوێیانەی لە تورکیا دروستبوون، کاتێک سینان ئۆغان پشتیوانی بۆ ئەردۆغان راگەیاند، ئومێد ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زەفەر (سەرکەوتن) کە بەشێکە لە هاوپەیمانی ئاتا، لەگەڵ کڵچدارئۆغڵو رێککەوتنێکی واژووکرد و بۆ پشتیوانیکردنی لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن لە بەرامەبەر ئەردۆغان.
پارتی زەفەر لە هاوپەیمانی ئاتا پێکهێنەری سەرەکی هاوپەیمانی ئاتا بوو کە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا بۆ یەکەمینجار بوو بەشداری بکات، دوای ئەوەی لە ساڵی 2021 لەلایەن ئومێد ئۆزداغەوە دامەزرا، بەڵام نەیتوانی هیچ کورسییەک لە پەرلەمانی تورکیا بەدەستبهێنێت بەهۆی ئەوەی نەیتوانی بەربەستی بەدەستهێنانی 7%ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، کاتێك پارتەکە تەنیا 2.23%ـی دەنگی بەدەستهێنا و وەک هاوپەیمانیش رێژەی دەنگەکانیان گەیشتە 2.43%.
هەدەپە پشتیوانی بۆ کڵچدارئۆغڵو دووپاتکردەوە
بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، جارێکی دیکە هەدەپە پشتیوانی خۆی بۆ کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت راگەیاند و پەروین بوڵدان لە پەیامێکدا، داوای لە دەنگدەرانی هەدەپە کرد جارێکی دیکە لە 28ـی ئەم مانگە دەنگ بە کڵچدارئۆغڵو بدەن.
لەلایەن خۆیەوە، سەڵاحەدین دەمیرتاش لە دوایین پەیامیدا رایگەیاند، ئەگەر گۆڕانکاری نەکرێت له رووی ئابووری و دیموکراسیدا کارەسات لە تورکیا روودەدات و "گەڕی سێیەمیش لە پێشماندا نییە". دەمیرتاش داوای لە دەنگدەران کرد لە 28ـی ئایار بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و "دەنگ بە کلچدارئۆغڵو بدەن بۆ ئەوەی تورکیا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت".
هەدەپە کە لەژێر ناونیشانی پارتی چەپی سەوز بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کرد سەرۆکایەتی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی کرد، توانی رێژەی 10.55%ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و ببێتە خاوەنی 65 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا، کە چوار کورسییان پارتی کرێکارانی تورکیا خاوەنداری دەکات.
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، لەناوچەکانی باکووری کوردستان، کڵچدارئۆغڵو توانی دەنگێکی زۆر بەدەستبهێنێت و لە زۆربەی ئەو ناوچانەی بنکەی جەماوەری هەدەپە فراوانە، کاندیدەکەی هاوپەیمانی میللـەت توانی بەرێژەیەکی بەرچاو پێش ئەردۆغان بکەوێت.
هەرچەندە ئەمە سێیەم هەڵبژاردنە هەدەپە بەشێوەیەکی بەردەوام دەنگەکانی کەمدەکات و لەدوای قۆناغی شکستهێنانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کوردەوە تا ئێستا ئەو پارتە، ملیۆنێک و 266 هەزار دەنگ واتە 19 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا لەدەستداوە.
هاوکات ئەم پشتیوانییەی هەدەپە دەمیرتاش تاک لایەنە بوو بۆ کڵچدارئۆغڵو، دوای ئەوەی پێشتر رایگەیاندبوو پێویستیان بە بانگەشەی هەدەپە و دەمیرتاش نییە، هەروەها لە پەیامەکانیشیدا، کڵچدارئۆغڵو پێداگیری دەکات لە رووبەرووبوونەوەی تیرۆر کە مەبەستی پەکەکەیە، ئەمەش بۆ راکێشانی سۆزی تورکەکان و وەڵامدانەوەی بانگەشەکانی ئەردۆغان کە دەڵێت، "کڵچدارئۆغڵو لە قەندیلەوە فەرمان وەردەگرێت".
موحەرەم ئینجە بێ دەنگی هەڵبژاردووە
لە دابەشبوون و یەکلاییکردنەوەی هەڵوێستی لایەنەکان بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، موحەرەم ئینجە، سەرۆکی پارتی مەملەکەت کە یەکێک بوو لە کاندیدەکان بۆ سەرۆکایەتی تورکیا و سێ رۆژ پێش هەڵبژاردنەکان، کشانەوەی خۆی راگەیاند، بە ئاشکرا هەڵوێستی خۆی ئاشکرانەکردووە بۆ پشتیوانیکردن و ئاراستەکردنی دەنگدەرەکانی بۆ دەنگدان بە ئەردۆغان یان کڵچدارئۆغڵو.
پێشتریش میدیاكانی توركیا بڵاویانکردەوە، لە رۆژی چوارشهممه (17ـی ئایاری 2023) ئەنجوومەنی پارتی مەملەکەت له ئهنجامی كۆبوونهوهی ئاسایی خۆیدا بڕیاریدا دەنگدەرانیان ئاراستەی هیچ لایەنێکی دیکە نەکەن و سەرپشکبن لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا لەنێوان رهجهب تهیب ئهردۆغان و كهمال كڵچدارئۆغڵو.
دەنگدانی دەرەوەی وڵات کۆتاییهات
بەگوێرەی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە (20 بۆ 24ـی ئایاری 2023) پرۆسەی دەنگدان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەچوو، کە لە گەڕی یەکەمدا 3.4 ملیۆن دەنگدەر لە دەرەوەی وڵات بە رێژەی 5% مافی دەنگدانیان هەبوو لەگەڵ چوار ملیۆن و 904 هەزار و 672 دەنگدەر بۆ یەکەمجار دەنگیاندا، لە گەڕی دووەمیشدا، 47 هەزار دەنگدەری نوێ کە تەمەنیان دەگاتە سەروو 18 ساڵ مافی دەنگدانیان هەبوو.
دەرئەنجامەکانی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی
بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی کۆمیسیۆن، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار، 49.52%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و رکابەرە سەرەکییەکەی کەمال کڵچدارئۆغڵو، لە هاوەپەیمانی میللـەت 44.88%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و سینان ئۆغانیش لە هاوپەیمانی ئاتا، 5.17%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
بەپێی رێژەی دەنگەکانی هەڵبژاردنیش کە رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 86.98%، رەجەب تەیب ئەردۆغان، 27 ملیۆن و 133 هەزار 837 دەنگی بەدەستهێناوە، کەمال کڵچدارئۆغڵوش 24 ملیۆن و 594 هەزار و 932 دەنگی بەدەستهێناوە، دەنگەکانی سینان ئۆغانیش بریتییە لە دوو ملیۆن 831 هەزار و 208 دەنگ.
دەرئەنجامی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، پێچەوانەی هەموو ئەو پێشبینیانە بوو کە دەزگا و رێکخراوەکانی تایبەت بە راپرسی و وەرگرتنی رای جەماوەر لەسەر هەڵبژاردن بڵاویان دەکردەوە، کاتێک ئەردۆغان بە جیاوازی نزیکەی سێ ملیۆن دەنگ پێش کڵچدارئۆغڵو کەوت، ئێستاش کە سینان ئۆغان کە خاوەنی نزیکەی سێ ملیۆن دەنگی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنە، هەموو ئاراستەکان بەرەو سەرکەوتنی ئەردۆغان دەچن.
هەروەها بەهۆی پەیامە توندەکانی کڵچدارئۆغڵو لەدژی پەنابەرە سوورییەکان و نزیکبوونەوەی لە پارتی زەفەر و ئەنجامدانی رێککەوتن لەگەڵ ئومێد ئۆزداغ، پاشەکشەیەک لە بانگەشەی پارتە هاوپەیمانەکانی جەهەپە لە هاوپەیمانی میللـەت دەبیندرێت، کە بەشێک لە شرۆڤەکاران هۆکارەکەی بۆ بێ ئومێدبوونی ئەو پارتانە بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەردۆغان دەگەڕێننەوە، کە بریتین لە پارتی سەعادەت، پارتی داهاتوو بە سەرۆکایەتی ئەحمەد داودئؤغڵو و پارتی دەڤا بە سەرۆکایەتی عەلی باباجان.
ئاکپارتی دەنگی یەکەمی پەرلەمانی تورکیایە
پەرلەمانی تورکیا لە 600 کورسی پێکهاتووە و بەسەر 87 بازنەی هەڵبژاردن لە 81 پارێزگای تورکیا دابەشکرابوو، لە هەڵبژاردنی 14ـی ئایاردا کە رێژەی بەشداری دەنگدەران گەیشتە 86.98%، کە لە 64 ملیۆن و 190 هەزار و 651 دەنگدەر، 55 ملیۆن و 836 هەزار و 55 کەس دەنگیاندا، هاوپەیمانی کۆمار توانی نیوەی زیاتری کورسییەکان بەدەستبهێنێت.
هاوپەیمانی کۆمار کە بووە خاوەنی 323 کورسی پەرلەمانی تورکیا بۆ پێنج ساڵی داهاتوو، توانی 49.47%ـی دەنگەکان بەدەسبهێنێت، کە لەو رێژەیەش 268 کورسی ئاکپارتی بەدەستی هێناوە و 50 کورسیش مەهەپە و پێنج کورسیش پارتی یەنیدەن رەفا، بەسەرۆکایەتی محەممەد عەلی فاتح ئەربەکان، خاوەنداریەتی دەکەن.
هەرچی هاوپەیمانی میللـەتیشە، 212 کورسی پەرلەمانی بە رێژەی 35.02%ـی دەنگەکان بەدەستهێنا، کە 169 کورسییان بۆ جەهەپەیە بە کاندیدی پارتەکانی سەعادەت و دەڤا و داهاتووەوە لەگەڵ 43 کورسی بۆ ئیی پارتی بە سەرۆکایەتی مەرال ئاکشەنەر.
هەر بەگوێرەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان، سێ پارتی سیاسی خولی پێشوو نەیانتوانی لە هەڵبژاردنی 2023ـدا بەربەستی یاسایی (7%) تێپەڕێنن کە بریتین لە پارتی زەفەر، پارتی نوێکاری و پارتی یەکگرتووی گەورە، لە بەرامبەردا، چوار پارتی سیاسیی نوێ توانییان مافی نوێنەرایەتیکردن بەدەستبێنن لە پەرلەمانی تورکیا کە بریتین لە پارتی یەنیدەن رەفا، پارتی چەپی دیموکرات، هوداپار و پارتی گۆڕانکاری تورکیا.