سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: خۆشحاڵین هاووڵاتیانی توركیا پشتیوانی حكوومەتی شەرعی و هەڵبژێردراو بوون

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، ئیدانەی هەموو هەوڵێك دەكات كە لەدژی ئیرادەی گەل و پڕەنسیپەكانی دیموكراسی بیەوێت سیستەمی سیاسیی هەڵبژێردراو لەڕێگەی چەك و كۆدەتا بڕووخێنێت.

له‌ به‌شێكی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "لۆژیكی چەك و توندوتیژی دژی دیموكراسییە و سەقامگیریی سیاسی و پێكەوەژیان تێكدەدات".

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، خۆشحاڵی خۆی له‌ باره‌ی "شكستهێنانی كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیا" و راشیگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان، خوازیاری سه‌قامگیری و ئاشتییه‌.

 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

ڕاگەیێندراوێك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی كۆدەتا سەربازییەكەی توركیا

لەبارەی كۆدەتا سەربازییەكەی شەوی 15 لەسەر 16ـی 7ـی 2016ـی توركیا، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئیدانەی هەموو هەوڵێك دەكات كە لەدژی ئیرادەی گەل و پڕەنسیپەكانی دیموكراسی بیەوێت سیستەمی سیاسیی هەڵبژێردراو لەڕێگەی چەك و كۆدەتا بڕووخێنێت. چونكە لۆژیكی چەك و توندوتیژی دژی دیموكراسیە و سەقامگیریی سیاسی و پێكەوەژیان تێكدەدات.

خۆشحاڵین كە هاووڵاتیانی توركیا پشتیوانی حكوومەتی شەرعی و هەڵبژێردراو بوون و ڕێگەیان نەدا كۆدەتاچییەكان سەر بكەون. هەرێمی كوردستانی عێراق خوازیاری سەقامگیری و ئاشتیە لە توركیا و ناوچەكە. چونكە تەنیا سەقامگیری و ئاشتییە خزمەتی بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەكە دەكات.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

16ـی 7ـی 2016