حکومەتی سووریا نرخی سوتەمەنی و غازی بەرزکردەوە

سووریا، نۆرەی وەرگرتنی غاز بەکارت
سووریا، نۆرەی وەرگرتنی غاز بەکارت

K24 - هەولێر

بڕیارەکەی حکومەتی سووریا بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین و غازی ناوخۆیی و پیشەسازی جارێکی دیکە لەسەر زۆربەی کاڵا سەرەتاییەکان رەنگدانەوەی هەبوو کە نرخەکانیان بەرزبووەتەوە بەتایبەت خواردنە باوەکان، بەهۆی ئەمەشەوە قەیرانێکی ئابووری بێوێنە وڵاتەکەی گرتووەتەوە.

وەزارەتی بازرگانی ناوخۆی سووریا، لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبووک، بڕیارێکی بڵاوکردەوە، کە بەپێی ئەو بڕیارە نرخی بەنزینی "ئۆکتان 95" بە رێژەی لەسەدا 15، و غازی ناوخۆیی و پیشەسازی بە رێژەی لەسەدا 50 بەرزکردەوە، نرخی غازی ناوخۆیی بەپێی کارتی زیرەک، بە  15 هەزار لیرەی سوورییە، دوای ئەوەی 11 هەزار و 500 هەزار لیرە بووە، هەروەها نرخی غازی ناوخۆیی بە نرخی بەبێ کارت، 50 هەزار لیرەی سوورییە، دوای ئەوەی پێشتر بە 32 هەزار بوو.

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، چاودێری خاوەن دوکانەکانی فرۆشتنی خواردنی کرد لە بازاڕەکاندا، دەستبەجێ دوای راگەیاندنی بڕیارە نوێیەکە نرخەکانیان بەرزکردەوە، بەجۆرێک نرخی یەک کیلۆ نۆکی وردکراو گەیشتە 20 هەزار لیرە، دوای ئەوەی لە نێوان 12 بۆ 15 هەزار لیرەی سووری بوو،  فاسۆلیای کوڵاو بۆ 8 هەزار بەرزبوویەوە، پێشتر بە 6 هەزار بوو، لەکاتێکدا نرخی ساندویچێکی شاورمەی باش لە 8 هەزارەوە بۆ 12 هەزار بەرزبوویەوە.

ئابوریناسێک بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی راگەیاند، زۆربەی ئەو نەوت و غازەی حکومەت پێویستی پێیەتی لە دەرەوەی وڵاتەوە هاوردە دەکرێت، چونکە زۆربەی کێڵگە بەرهەمهێنانە گەورەکان لەدەرەوەی کۆنترۆڵی ئەون، هەربۆیە هەرکات نرخی ئاڵوگۆڕی لیرە بەرامبەر بە دۆلار تێکچوو، ئەوە حکومەت نرخەکان بەرز دەکاتەوە.

دەشڵێت: حکوومەت پێویستییەکانی سوتەمەنی و غاز لە دوو سەرچاوەوە بەدەستدەهێنێت. یەکەمیان، لۆکاڵی، کە ئەوەیە کە لە کێڵگەکانی کۆنتڕۆڵی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی حومس  و بیابانی دێرەزوور بەرهەم دەهێنێت، کە بڕێکی زۆر کەمن، کە رۆژانە بە 22 هەزار بەرمیل مەزەندە دەکرێت، لە ڕێگەی تانکەرەوە لە ڕێگەی کۆمپانیای نەوتی ئەرڤادا دەگوازرێتەوە کە سەر بە گروپی ئەلکارتجیەوەیە کە لەلایەن حکومەتەوە پاڵپشتی دەکرێت.

سەرچاوەی دووەم کە حکوومەت پێداویستییەکانی سوتەمەنی و غازی لێوە هاوردە دەکات ئێرانە، بەڵام بە نرخی بازاڕی جیهانی.

رۆژنامەی "هارتس"ی ئیسرائیلی لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا ئاشکرای کردبوو کە ئێران لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا نزیکەی 16 ملیۆن بەرمیل نەوتی رەوانەی سووریا کردووە، لە رێگەی تانکەرەوە کە دەکاتە نزیکەی یەک ملیار دۆلار.

هارتس ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا نرخی بەرمیلێک نەوت لە نێوان 70 بۆ 80 دۆلار بووە، واتە کۆی بەهای ئەو بارانەی کە ئەم تانکەرانە هەڵیانگرتووە نزیکەی یەک ملیار و 25 ملیۆن دۆلارە.

پێویستی سووریا بۆ غازی ناوخۆ لە مانگێکدا نزیکەی 37 هەزار تۆنە، لە کاتێکدا بەرهەمی ناوخۆیی نزیکە 10 هەزار تۆن.