سامان بەرزنجی: دەزگای خێرخوازیی مەلیک سەلمان نووسینگەیەک لە هەولێر دەکەنەوە

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، دەزگای خێرخوازی مەلیک سەلمان نووسینگەیەک لە هەولێر دەکاتەوە و دەست بە پرۆژەی خێرخوازی دەکەن.

شاندێکی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سامان بەرزنجی، پێشوازییان لە شاندێکی دەزگای خێرخوازیی و مرۆیی مەلیک سەلمان-ی وڵاتی سعوودیە کرد، شاندەکەی سعوودیە ژمارەیەک پزیشکی پسپۆریان لەگەڵدا بوو و،  چەند نەخۆشخانەیەکی هەولێریان بەسەرکردووەتەوە و بڕیاریانداوە نووسینگەیەکی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە و دەست بە پڕۆژە خێرخوازییەکانیان دەکەن.

بەرزنجی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ د. فەهد وەزیری دەرەوەی سعوودیە کۆبووینەوە و گفتوگۆمان لەسەر چەند پرسێکی تایبەت بە کەرتی تەندروستی کرد، بەو ئامانجەی وڵاتی سعوودیە ببێتە پاڵپشتێک بۆ کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان".

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشدا: وڵاتی سعوودیە یەکێکە لە وڵاتە سەرەکییەکان لەسەر ئاستی جیهان کە هاوکاری رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەکات.

روونیکردەوە: "لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لە چەند ئامانجێک کرد، وەک پاڵپشتی سعوودیە لە کەرتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، چارەسەری ئەو نەخۆشخانەی کە لێرە چارەسەریان وەکو پێویست نییە و گۆڕینەوەی زانیاری و شارەزایی لەنێوان هەردوولادا".

سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەشدا، کە وڵاتی سعوودیە خاوەن چەندین بەرهەمی بواری تەندروستی و پزیشکییە، بۆیە داوایان لێ کردووە لە داهاتوودا بەرهەمهێنان لەو بوارە لە هەرێمی کوردستان بکەن و حکومەتی هەرێمیش هەموو کارئاسانییەکیان بۆ دەکات، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش بە پاڵپشتی سعوودیە سوود لە بەرهەمی ناوخۆیی وەرگرێت. گوتیشی: داواشمان کرد بۆ هەندێک لە خزمەتگوزاری تەندروستی چارەسەرییە پێشکەوتووەکان پزیشکانی پسپۆر لەو بوارە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، چونکە سعوودیە خاوەنی چەندین نەخۆشخانە و بڕوانامە نێودەوڵەتییە گرنگەکانە، کە دەتوانین لە داهاتوودا یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژۆ بکەین، هەروەها داوامان کرد سوود لە چاکسازییەکانی کەرتی تەندروستی سعوودیە ببینین.