روانگەی سووری: ژمارەیەک کەس بە تەقەی خۆشی سەرکەوتنی ئەردۆغان بریندار بوون

لایەنگرانی تورکیا لە سووریا
لایەنگرانی تورکیا لە سووریا

K24 - هەولێر

رۆژی یەکشەممە، ژمارەیەک کەس لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا لە باکووری سووریا بریندار بوون، ئەمەش لە ئەنجامی تەقەی هەڕەمەکی، بۆ ئاهەنگ گێڕان و خۆشی دەربڕین بە بۆنەی سەرکەوتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان، بۆ خولی نوێی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، "ژمارەیەک هاووڵاتی بەهۆی گوللـەی هەڕەمەکی کە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە تورکیا لە ناوچەکانی لقی زەیتون و قەڵغانی فورات و نەبع سەلام، تەقێندرابوون، وەک ئاهەنگێک بۆ سەرکەوتنی ئەردۆغان".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە کەمپی ئەلمەحمودیە لە ئەنجامی فیشەکی هەڕەمەکی چوار کەس برینداربوون، هەروەها دوو کەسی دیکەش لە نزیک نانەواخانەی گەنمەشامی شاری عەزاز لە ئەنجامی تەقەی هەرەمەکی برینداربوون".

بەگوێرەی روانگە، "ژنێک لە کەمپی ساجو لە گوندی ئەعزاز لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی فیشەک بەسەر خێمەکەیدا بریندار بوو.

رۆژی یەکشەممە، ئەحمەد یەنار، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە تورکیا رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان توانی خولی نوێی سەرۆکایەتی کۆمار بەدەست بهێنێت دوای بەدەستهێنانی لەسەدا 52.14ی دەنگەکان.