بڕی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان زیاد دەکرێت

K24 - هەولێر

وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەشێوەی کراوەیی بەردەوام دەبێت و حکومەتی عێراق هەموو گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت. ئەمە پاش ئەوەی کە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان داوای لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کرد بڕی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم زیاد بکات.

ئەمڕۆ دووشەممە 29ـی ئایاری 2023، شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی د.زێدا محەممەد کەریم، بەرێوەبەری گشتی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتەکە لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری عێراق، کە لە وەزیر و بەپرسانی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی عێراق پێکدێت، کۆبووەوە.

د.زێدا محەممەد کەریم بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی عێراق ڕازی بووە ئەو بڕگەیەی کە باس لەوە دەکات، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق 375 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت لاببرێت، وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بە شێوەی کراوەیی بەردەوام دەبێت واتا جووتیاران چەند گەنمیان هەبێت لێیان وەردەگیرێت.

د.زێدا محەممەد کەریم ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە کردنەوەی دەروازەکانی ناوەراست و خوارووی عێراق بەرووی هەناردنی بەرهەمی خۆماڵی جوتیارانی هەرێمی کوردستان.

بەرێوەبەری گشتی پلاندانان  و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەش کرد، چوارشەممەی داهاتوو 31ـی ئایاری 2023، لیژنەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم، کە سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقە، لەگەڵ شاندی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی زیاتری ئەو بابەتە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە شەوی رابردوو بە فه‌رمانی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی و بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاری ئابووری عێراق، بەمەبەستی زیادكردنی بڕی وه‌رگرتن و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی به‌بازاڕكردنی گه‌نمی جووتیاران بۆ ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق شاندێكی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هەرێمی کوردستان گه‌یشته‌ به‌غدا.

رۆژی شەممە 27ـی ئایاری 2023، وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە سایلۆکان دەستیپێکرد و پڕۆسەکە بەردەوامە. حەیدەر نووری، بەرێوەبەری بەبازارکردنی دانەوێلە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، سایلۆکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق رۆژانە تا کاتژمێر 10:00ـی شەو بە کراوەیی دەمێننەوە و گەنمی جووتیاران وەردەگرن. 

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، 40 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان و  دوای ئەوەی جووتیارەکان گەنمیان رادەستدەکەن، شاییستە داراییەکانیان پێ دەدەرێت و، ئەوانەی لە رۆژانی داهاتووشدا گەنم رادەست دەکەن، بەهەمان شێوە پارەکەیان وەردەگرن و ناهێڵن مافیان بخۆرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە سەرەتا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بڕیاریدابوو بۆ ئەمساڵ 375 هەزار تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان وەربگرێت؛ 120 هەزار تۆن گەنم لە پارێزگای هەولێر، 113 هەزار تۆن لە پارێزگای دهۆک و 142 هەزار تۆنیش لە پارێزگای سلێمانی.

 رۆژی پێنجشەممە 25ـی ئایاری 2023، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق 375 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت. گوتیشی: "چاوەڕێمان دەکرد حکومەتی فیدراڵی، وەکو ناوچەکانی دیکەی عێراق مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام بەداخەوە دەکرێت بڵێم هەموو ساڵێک ستەمێک لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکرێت کە بۆ وەرگرتنی گەنم بڕمان بۆ دیاری دەکەن.''

لەبارەی بەرهەمی ئەمساڵی گەنم لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، رۆژی سێشەممە 9ـی ئایاری 2023، محه‌مه‌د خه‌زاعی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، پێشبینی ده‌كەن ئه‌مساڵ ئاستی به‌رهه‌مهێنانی گه‌نم چوار ملیۆن و نیو تۆن بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتربێت.

ساڵی 2022، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق 305 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت؛ لە پارێزگای هەولێر 117 هەزار و 773 تۆن، لە سلێمانی 136 هەزار و 500 تۆن گەنم و لە دهۆک 52 هەزار و 195 تۆن و 100 کیلۆ گەنم.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2021، بڕەکە بەراورد بە ئەمساڵ و ساڵی 2022 کەمتر بوو، چونکە حکومەتی عێراق تەنها 125 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارنی هەرێمی کوردستان وەرگرت، بەم شێوەیە؛ لە پارێزگای هەولێر 46 هەزار تۆن، لە سلێمانی 72 هەزار تۆن و لە دهۆک تەنیا حەوت هەزار تۆن گەنم.