ئۆکرانیا: رووسیا بە 31 درۆنی ئێرانی هێرشی کردووەتە سەر کێیڤ

پاشماوەی درۆنێک کە لە لایەن سوپای ئۆکرانیاوە خراوەتەخوارەوە - ئەرشیف
پاشماوەی درۆنێک کە لە لایەن سوپای ئۆکرانیاوە خراوەتەخوارەوە - ئەرشیف

K24 - هەولێر:

ئۆکرانیا ئاشکرایکرد، رووسیا بە 31 درۆنی ئێرانی ‌کیێڤی پایتەختی وڵاتەکەی کردووەتە ئامانج و توانیویانە 29 درۆنیان بخەنە خوارەوە.

هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، سوپای رووسیا بە 31 درۆنی ئێرانی جۆری شاهید-136 کیێڤی پایتەخت و دەوروبەریان کردووەتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشدا، هێزەکانیان بەرپەرچی هێرشە درۆنییەکەی رووسیایان داوەتەوە و توانیویانە 29 درۆنیان بخەنەخوارەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بە درۆن هێرشکراوەتە سەر دوو باڵەخانە لە رۆژئاوای مۆسکۆ و وەزارەتی بەرگری رووسیاش، ئۆکرانیا بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکات.

سێرگی سۆبیانین سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەوە زیان بە دوو باڵەخانەی نیشتەجێبوون کەوتووە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.

باسی لەوەشکرد، درۆنەکان خۆیان بە نهۆمی سەرەوەی باڵەخانەکاندا کێشاوە و لەکاتی خۆکێشانیش بە باڵەخانەکان تەقیونەتەوە.