هونەر جەمال: حکومەتی هەرێم پابەندە بە دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران

هونەر جەمال, گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان
هونەر جەمال, گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، گۆرانکارییەکانی ئەم دواییەی لە خاڵی بودجەدا بووەتە هۆی پێشێلکردنی هەموو ئەو رێککەوتنانەی کە لە رابردوودا کرابوو لە نیوان هەرێمی کوردستان و عێراق. هاوکات دەشڵێت : "حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران".

هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، ستراتیژی کابینەی نۆیەم سفر کردنەوەی کێشەکانە لەگەڵ بەغدا، هەروەها هەرێمی کوردستان پابەندی رێککەوتنەکەی بووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، بەڵام حکومەتی فیدڕاڵی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدای پێشێلکردووە.

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، پەرتەوازەی لایەنە کوردییەکان وایکردووە هەرێمی کوردستان رووبەرووی ئەو قەیرانانە ببێتەوە، کورد باجی پەرتەوازەیی دەدات.

هونەر جەمال، جەختی لەوەکردەوە، "موزایەدەی سیاسی بە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکرێت و دانەوەی پاشەکەوت مافی فەرمانبەرانە، حکومەتی هەرێم پاشەکەوتی کردوەتە قەرز لەسەر خۆی ئەوە هەنگاوێکی گرنگە، واتە بە دڵنیایەوە دەدرێتەوە بە فەرمانبەران".

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، روونیکردەوە، هەندێک لایەن لەپێناو جێگیکردنی بڕگەیکدا کۆی دەستکەوتەکان و شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستانیان خستۆتە ژێر مەترسی.

باسی لەوەشکرد، لە پرۆژە یاسای بوودجەدا باسی دانەوەی پاشەکەوتی مووچەدا نەکراوە، کە هەندێک لایەن موزایەدەی پێوە دەکەن.

هونەر جەمال، دووپاتیکردەوە، کاری لە پێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانە.

لەبارەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: "لە هەرێمی کوردستان باج زیاد نەکراوە تەنها رێکخراوە، توانیومانە سیستمی ئەلیکترۆنی دابنێن داهاتی خاڵە سنووریەکانمان بە ئەلیکترۆنی کردووە، مانگانە %85 داهات دەگەڕێتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی.

هەروەها گوتیشی : "حکومەتی هەرێمی کوردستا پلانی گرنگی هەیە بۆ داهاتووی ئەم هەرێمە، لە مانگی حەوتی ساڵی 2021ـەوە، 23 مانگ مووچە لەکاتی خۆیدا دابەشکراوە واتە 23 مووچەی تەواومان دابەشکردووە، ئەمەش نیشانەی چاکسازیە و داهاتیش باش کۆدەکرێتەوە".