مامۆستا جەعفەر: ئەوانەی لە بەغدا کێشەیان ناوەتەوە بەشێکیان لە خۆمانن

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

لەمیانی بەشدایکردنی لە رووماڵی تایبەتی کوردستان24 لەبارەی گۆڕانکارییەکانی پشکی هەرێم لە بودجە و دەستبردن بۆ مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان مامۆستا جەعفەر، سیاسەتمەدار گوتی: "ئەو رووداوانەی لەم ماوەیەدا لە بەغدا روودەدەن رەنگدانەوەی ئەو کێشانەیە کە لە ماوەی رابردوو لە هەرێمی کوردستان روویاندا، پێویستە سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان هاوئاهەنگ بووان و وەکو یەک تیم لە بەغدا کاریان کردبا، ئەوانەی ئێستا لە بەغدا کێشەیان ناوەتەوە بەشێکیان لە خۆمانن".

گوتیشی: "ئێستا کێشە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە، هەرێمیان خستووەتە گۆشەیەکەوە، کە من ئەوە بە مەترسیدار دەزانم، دەبوایە ئەو کێشانە هەر لە ساڵی 2003وە کاتێک هەرێمی کوردستان پێگەیەکی بەهێزی هەبوو زۆر کێشەکان چارەسەر کرابووان، نەک ئێستا بیریان لێ بکەینەوە، بۆ نموونە یاسای نەوت و گاز، یان سەرۆککۆمار مافی ڤیتۆی هەبووایە".

مامۆستا جەعفەر، ئاماژەی بەوەشدا: "سرووشتی هەموو دەوڵەتێکی ناوەندی ئەوەیە رێگە بە حکومی زاتی و لامەرکەزی و هیچ شتێک نادات، راستە ئێستا سەدام حوسێن نەماوە، بەڵام کولتوور، عەقڵ و سیاسەتی سەدام و تەعریب لە عێراق ماوە، بە جۆرێکی دیکە پەیڕەو دەکرێت، ئەو تەعریبەی کە لە کەرکووک هەیە نموونەیەکە بۆ ئەمە".

ئەوەشی خستەڕوو: "لە سەرەتای ئازادکردنی عێراق، کورد وەکو هێزێکی گرنگ تەماشا دەکرا لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق و وڵاتانی زلهێزیش، بەڵام ئێستا پەرتەوازەیی دروستبووە، پێویستە پێداچوونەوە بکرێت ئەو دژایەتییەی لە کەناڵەکانی راگەیاندن هەیە رایبگرن، ئەمە زیانی زۆر بە هەمووان دەگەیەنێت. پێویستە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەرەیەک دروستبکەن و هاوهەڵوێست و یەكڕیزبن".

باسی لەوەشکرد: "پێویستە لایەنە سیاسییەکان پشتیوانی لە هەر پارێزگایەکی عێراق بکەن، بۆ ئەوەی هەرێمی دیکە لە عێراق دروست بن، بۆ ئەوەی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق جێبەجێ بکرێت، چونکە دەسەڵاتی مەرکەزی مەترسیدارە".