گوتەبێژی بەرەی رزگارکردن و گەشەپێدانی عێراق: چارەسەری سیاسی ستراتیژیمان لەدەستداوە

خالید دەبوونی، گوتەبێژی بەرەی رزگارکردن و گەشەپێدانی عێراق
خالید دەبوونی، گوتەبێژی بەرەی رزگارکردن و گەشەپێدانی عێراق

K24 - هەولێر

خالید دەبوونی، گوتەبێژی بەرەی رزگارکردن و گەشەپێدانی عێراق رایگەیاند، چارەسەری سیاسی ستراتیژیمان لە عێراق لەدەستداوە ئەوەش وایکردووە بەردەوام کێشە و ناکۆکی لە ناوخۆی عێراقدا سەرهەڵبدەن، ئەمە بێجگە لەو قەیرانە سیاسییانەی رووبەڕووی وڵاتەکە دەبنەوە. ئاماژە بەوەش دەدات، زۆرینەی رێککەوتنەکانی نێوان لایەنەکان کاتین، بۆیە پێشێل دەکرێن.

لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا خالد دەبوونی بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەردەوام لایەنە سیاسییەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی رێککەوتنە سیاسییەکان پێشێل دەکەن، نەک تەنها لەگەڵ هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییە کوردییەکان، بەڵکوو تەنانەت لەگەڵ لایەنە سیاسییە سوننە و شیعەکانی عێراق، کە ئەمەش لە بەرژوەندی گەلی عێراقدا نییە.

 خالید دەبوونی گوتیشی، یەکێک لەو هۆکارە سەرەکییانەی وایکردووە رێککەوتنە سیاسییەکان جێبەجێ نەکرێن، ئەوەیی کە هەندێک لایەنی سیاسی لە عێراق نایانەوێت وڵاتەکە ئارامی و سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت و هەوڵی هێنانەوەی پشێوی دەدەن. ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتی ئێستا عێراق وەکو پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات و ئەمەش بۆ هیچ لایەنێک باش نییە.

رۆژی پێنجشەممە 25ـی ئایاری 2023، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ و بە کۆمەڵێك گۆڕانکاری دژی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەنگی لەسەر ماددەکانی 13 و 14ـی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵیدا کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان.

لە ماددەی 13 بڕگەی دووەم خاڵی جیم دەستەواژەیەك زیادکراوە کە دوای جێبەجێکردنی خاڵەکانی تایبەت بە رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و داهاتە نانەوتییەکان و وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە، ئەوکات وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات.

هەروەها لە ماددەی 14 گۆڕانکاری لە بەشێك لە خاڵەکان کراوە و پێنج خاڵی دیکەش زیادکراون کە بریتین لە خاڵەکانی (8-9-10-11-12)، لە خاڵی یەکەم کە گۆڕانکاری تێدا کراوە هاتووە، وەزارەتی دارایی عێراق هەڵدەستێ بە دانانی کۆی داهاتە نەوتییەکانی هەرێم لە هەژمارێکی بانکی کە بانکی ناوەندی عێراق دەیکاتەوە و وەزارەتی دارایی عێراق دەسەڵاتی خەرجکردنی دەدات بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، به‌پێی ئه‌م گۆڕانكاریەش پێگه‌ی ده‌ستووریی هه‌رێم وه‌ك فه‌رمانگه‌یه‌كی ناوه‌راست و باشوور حسابی بۆ كراوە، نەک وەک هەرێمێکی دەستووری.

لە خاڵی هەشت هاتووە لەکاتی بوونی ناکۆکی لە نێوان هەرێم و بەغدا ئەوا 15 رۆژ مۆڵەت دەدرێت بە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و ئەگەر چارەسەریش نەکرا ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم رادەگیرێت ئەمەش واتە مەقەستی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم هەمیشە تیژ و ئامادەییە.

لە خاڵی نۆی ماددەی 14ـی بودجەدا هاتووە حکومەتی هەرێم نابێت جیاکاری لە نێوان پارێزگاکان لە خەرجکردنی مووچە بکات بە پێچەوانەوە حکومەتی بەغدا راستەوخۆ مووچە بۆ ئەو پارێزگایە دەنێرێت کە گازندەی هەیە.

هەروەها لە خاڵی 10، حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم پابەندن بەوەی رێگری بکەن لە دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی کەرکووک و نەینەوا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە ئەمەش بە واتای رادەستکردنی کێڵگە نەوتییەکانی خورمەڵە و شێخان دێت و لەو کاتەش بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان ناگاتە 200 هەزار بەرمیل کە لە ماددەی 13 هەرێمی کوردستان ناچارکراوە ئەگەر 400 هەزار بەرمیل رادەست نەکات شایستە داراییەکانی هەرێم نانێردرێت.

لە خاڵی 11ـشدا هاتووە کە حکوماەتی فیدراڵی پابەندە بە بەشداریکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێم لـە بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان و لە خاڵی 12ـش حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچارکراوە کە لە بەشە بودجەی خۆی لانی کەم 10٪ـی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران خەرج بکات.

ئەم گۆڕانکاریانەی کە لە ماددەی 13 و 14ـدا هاتووە پێچەوانەی ئەو دەقەیە کە حکومەتی عێراق رەوانەی پەرلەمانی کردووە و ئامانجیش لەو گۆڕانکارییانە لاوازکردنی و دابەشکردن و پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستانە.