كاوه مه‌حموود: ده‌ستكاریكردنی بڕگه‌كانی په‌یوه‌ست به هه‌رێمی كوردستان پڕۆسه‌یه‌كه له كۆی پڕۆسه‌یه‌كی به‌رفراوانتر
.png)
K24 – هەولێر:
سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ده‌ستكاریكردنی بڕگه و مادده‌كانی په‌یوه‌ست به هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی فیدڕاڵی‌دا، به‌شێكه له كۆی رووداو، پێشهات و بڕیاره‌كانی دیكه، كه له به‌غداوه یان له دادگای فیدڕاڵییه‌وه ده‌رده‌چن یاخود پشتیوانیان لێ ده‌كرێت، گوتیشی، ئه‌و جۆره بڕیار و بابه‌تانه ریشه‌یه‌كی قووڵیان هه‌یه، كه ئه‌ویش په‌یوه‌ندیداره به قه‌یرانی ده‌وڵه‌تی عێراق و له هه‌موو كاتێكدا ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌یان له ئارادایه.
كاوه مه‌حموود، سكرتێری گشتی حزبی شیوعی كوردستان تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، له عێراق به‌رده‌وام چاوه‌ڕوانی دروستكردنی قه‌یران ده‌كرێت به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان، روونیشیكرده‌وه، ده‌ستكاریكردنی ئه‌و بڕگانه‌ی په‌یوه‌ندییان به به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه له پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدراڵی، پڕۆسه‌یه‌كه له كۆی پڕۆسه‌یه‌كی به‌رفراوانتر، كه له‌لایه‌ن هێز و لایه‌نه عێراقییه‌كان به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان و ماف و شایسته سیاسی، ئابووری، یاسایی و ده‌ستوورییه‌كانی ئه‌نجام ده‌درێت.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، هه‌موو هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كان له به‌غدا به‌ره‌و ئاراسته‌ی به‌ناوه‌ندیبوونه‌وه‌ی به‌غدایه، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌ی ناونراوه فیدڕاڵی، به‌ره‌و چاره‌نووسێكی تاریك و نادیار ده‌ڕوات و كۆتاییه‌كه‌ی دیار نییه. روونیشیكرده‌وه، عه‌قڵییه‌تێكی خه‌ست، كه خواستی ناوه‌ندییه‌تی هه‌یه و به‌و ئامانجه هه‌نگاو ده‌نێت، هه‌وڵی له‌باربردن و نه‌هێشتنی ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستانی هه‌یه و له بنه‌ڕه‌تدا باوه‌ڕی نه‌ك هه‌ر به فیدڕاڵییه‌ت به‌ڵكو به لامه‌ركه‌زییه‌تیش نییه.
سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان ده‌شڵێت، له هه‌رێمی كوردستان جۆرێك له پڕوپاگه‌نده و بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌نگۆ هه‌یه، كه تابووری پێنجه‌م ئه‌و ئه‌ركه ده‌بینێ و كاریگه‌ری به‌سه‌ر په‌یوه‌ندی و متمانه‌ی نێوان خه‌ڵك و حكومه‌ت دروستكردووه. گوتیشی، له‌سه‌ر هه‌مووان پێویسته پێداچوونه‌وه به به‌رنامه و ستراتیژییه‌كان بكه‌ن و ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ئه‌زموونێكی گشتی بناسرێت و دووباره پێناسه‌ی بۆ بكرێته‌وه، كه نوێنه‌رایه‌تی هه‌مووان ده‌كات.
به پێویستیشی زانی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و جۆره هه‌نگاوانه‌ی عێراق، كه به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان ده‌یگرێته‌به‌ر، دیالۆگێكی نیشتمانی هه‌بێت و وه‌ڵامی بۆیان هه‌بێت و قه‌یرانه پێشبینیكراوه‌كان به‌ڕێوه‌ببات و پێشوه‌خته‌یش ئه‌جێندایه‌كی ئاماده‌كراو هه‌بێت و ته‌نانه‌ت نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی گشتیشی تێدا بێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موویان به‌رپرسیاره‌تی له‌ئه‌ستۆ بگرن.