مه‌حموود عگێلی: هەموو چارەسەرەکان لە هەولێرەوە دەردەکەوێت و چەقبەستوکانیش لە بەغداوە دەردەکەوێت

مه‌حموود عگێلی، ئه‌مینداری گشتی حزبی ئوممه‌ی عێراقی
مه‌حموود عگێلی، ئه‌مینداری گشتی حزبی ئوممه‌ی عێراقی

K24 - هەولێر:

 ئه‌مینداری گشتی حزبی ئوممه‌ی عێراقی، رایدەگەیەنێت، ساڵانە چەندین کێشەی سیاسی هەیە لەبارەی دادگای فیدراڵی ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکرێت. هاوکات دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵەیەکی باشی کردوە لەگەڵ حکومەتی عێراقی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

مه‌حموود عگێلی، ئه‌مینداری گشتی حزبی ئوممه‌ی عێراقی، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، هەموو چارەسەرەکان لە هەولێرەوە دەردەکەوێت و هەموو چەقبەستوکانیش لە بەغدا دەردەکەوێت.

هەروەها راشیگەیاند، "هەمیشە چارەسەری کێشەکان لەلایان سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بووە، بەلام بەراورد بە بەغدا هەرگیز دەستپێشخەر نەبوونە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

ئه‌مینداری گشتی حزبی ئوممه‌ی عێراقی، دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵەیەکی باشی کردووە لەگەڵ حکومەتی عێراقی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان". گوتیشی: "ئەم کێشانە لەلایەن چەندین لایەنی سیاسی ئاڕاستەی حکومەتی عێراق دەکرێن، بۆ ئەوەی دژایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێبکەن".

ئاماژەی بەوەشدا، هەمیشە بەربەست دەخرێتەوە بەردەم ئەم رێککەوتنانەی نێوان بەغدا و هەولێر لە لایەن ئەنجێندای سیاسییەوە، هەروەها گوتیشی: "هێرشێکی ناڤرۆڤانە و نائەخلاقیانە هەیە بەرامبەر بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کوتلە سیاسیەکانی بەغداوە.

مه‌حموود عگێلی، باسی لەوەشکرد، "20 ساڵە لە خزمەتگوزاری دوورکراینەوە، 20 ساڵە رووبەرووی چەندین رێکخراوی تیرۆرستی بووینەوە، کە بووە هۆی کوشتنی خەڵک و دزینی ماڵ و سامان، ئەم هێرشانەش بەشێوەکی رێکخراو ئەنجامدرابوون، هەروەها ئەنجامدەرانی لەلایەن کوتلە سیاسیەکانی عێراقەوە پارێزراون".

ناوبراو روونیکردەوە، "چەندین دەستێوەردانی دەرەکی هەیە لە عێراق، کە ئەمانە مایەی خێر نیین بۆ هیچ لایەک، هەندێک پەرلەمانتار هەیە دوژمنایەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڕاستی ئەمە نەخۆشییە بەرامبەر هەرێمی کوردستان".

ئه‌مینداری گشتی حزبی ئوممه‌ی عێراقی، گوتیشی: "هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان هاووڵاتی پلە یەکی عێراقن پێویستە مووچەکانییان لەکاتی خۆیدا بدرێت".

مه‌حموود عگێلی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانی ئاماژەی بەوەدا، "حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە زیاتر جددی بێت لەو رێککەوتنانەی کە لەگەڵ عێراق کردووەیەتی، چونکە حکومەتی عێراق وەفایان بەرامبەر بە رێککەوتنەکان نییە".

دووپاتیکردەوە، "هیوادارم حکومەتی عێراق زیاتر پابەندی رێککەوتنەکانی بێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دەبێت هەموو ئەو رێککەوتنانەی نێوان هەولێر و بەغدا رێزی لێبگیرێت".

لەبارەی سەرۆک بارزانی، ئه‌مینداری گشتی حزبی ئوممه‌ی عێراقی، دەڵێت: "سەرۆک بارزانی سەرکردەیەکی نیشتیمانییە و پابەندی قسەکانی خۆیەتی، هەروەها پابەندی رێککەوتنەکانی خۆیەتی، بەڵام ئەوە حکومەتی عێراقە 20 ساڵە نەیتوانییوە پابەندی یەک رێککەوتنی بێت لەگەل هەرێمی کوردستان".

مه‌حموود عگێلی، هیوای خواست محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵوێستی هەبێت و بەردەوام بێت لە گفوگۆکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان. ناوبراو گوتیشی: "ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا لە بەرژەوندی خەڵکدا نییە، چونکە هەرێم لە عێراق جیا بکەینەوە میلیشیاکانی ئێران سودی لێ دەبینن".

رۆژی (25ـی ئایاری 2023)، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دوا کۆبوونەوەی خۆیدا لەبارەی گفتوگۆکردن و ئامادەکردنی کۆتا رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان لەناو هۆڵی ئەنجوومەندا، بە چەند گۆڕانکارییەکەوە هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد کە تایبەتن بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای ئەوەی چەند ئەندامێکی لیژنەی دارایی، پێشنیازێکی نوێ دەبەنە کۆبوونەوەکە و هەوڵی خستنە دەنگدانی دەکەن، نوێنەرانی پارتی و یەکگرتوو لە کۆبوونەوەکە دەکشێنەوە و چەند نوێنەرێکی سوننەش دەنگ بەو پێشنیازانە نادەن.

لەلایەن خۆیەوە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ کوردستان24 دووپاتیکردەوە، بەهۆی ئەوەی بەشێک لەو پێشنیازانە نوێ بوون و بواری ئەوەش نەدرا گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت کە دەقی پێشنیازەکانیش پێچەوانەی ناوەڕۆکی رێککەوتنی هەولێر و بەغدان مەترسی بۆ سەر بودجە و مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دروستدەکات، ئەوان لە کۆبوونەوەکە پاشەکشەیان کردووە.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش، ئیخلاس دلێمی، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق زانیاری نوێی له‌ باره‌ی گۆڕانكارییه‌كانی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ و مادده‌كانی په‌یوه‌ست به‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ کوردستان24 ئاشكراکرد و رایگەیاند، په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی و عه‌سائیب پێشنیازه‌كانیان كردووه‌ و له‌ كاتێكدا رێككه‌وتنی پێشوه‌خته‌ی له‌سه‌رنه‌كراوه‌ لەلایەن لیژنەکەوە بۆ گفتوگۆکردن و بڕیاردان.

زیاتر گوتی، "رۆژی پێنجشەممە کاتژمێر 9ـی شەو کۆبووینەوە و رێککەوتین، کە ماددەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە نەکرێت و دوابخرێن، بەڵام کە چووینە هۆڵی کۆبوونەوە بینیمان ماددەکان دەستکاریان کراوە و لەلایەن یەکێتی و عەسائیب ئەهلی حەق پێشکەشکراوه‌، ئێمە بەم گۆڕانکارییە شۆک بووین، نوێنەری یەکێتیش گوتی ئەمە پێشنیازی ئێمەیە و خوێندیانەوە، ئێمە رەخنەمان لە شێوازی پێشکەشکردنەكه‌ گرت بەوەی كه‌ رێککەوتنی پێشوەختەی لەسەر نییە و دەبوایە کۆپییەکیشی لەبەردەستی لیژنەی دارایی هەبوایە، کە هیچ یەكێکیان نەبوون".

رۆژی هەینی (26ـی ئایاری 2023)، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "ئەو گۆڕانکاریانەی لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە رێکەوتی 2023/5/25 دژی هەرێمی کوردستان، لەسەر پرۆژەیاسای بودجە ئەنجام دران، نادەستوریین و دژی رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵییە و هەروەها دژی پرەنسیپەکانی رێککەوتنی حکومەتی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی ئەو کابینەیەیە کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگیان لەسەر دراوە".

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، "بە هیچ شێوەیەک، ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قبوڵ ناکەین و پابەندی هیچ بڕیارێکی تریش نابین جگە لەو رێککەوتنەی پێشتر لەگەڵ حکومەتی بەڕێز سوودانی کراوە".

هاوکات رۆژی هەینی (26ـی ئایاری 2023)، شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە کوردستان24ی راگەیاند، لەسەر کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی پەرلەمان رەزامەند نەبووم، هەربۆیە کۆبوونەوەکە بەڕێوەناچێت بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدراڵی په‌سه‌ندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

هەروەها بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە درەنگانی شەوی یەکشەممە (16ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دواتر و درەنگانی شەوی دووشەممە کۆتاییهات.

لە (4ـی نیسانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4ـی نیسانی 2023) هاوشانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەبوو لە رێورەسمی واژووکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، کە نەخشەرێگای چارەسەربوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی رابردوو لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.