محەممەد ئەمین: رێگری لە کارکردنی جووتیارانی پێنج گوندی سنووری سەرگەڕان دەکرێت

محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان

K24 – هەولێر:

نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان، رایدەگەیەنێت، فەرماندەی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق جارێكی دیكە جووتیارانی پێنج گوندی سنووری سەرگەڕانی ئاگاداركردووەتەوە هەرچی كاری كشتوكاڵی هەیە رایبگرن و هەركەسێكیش پابەند نەبێت دەستگیر دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (1ـی حوزەیرانی 2023)، محەممەد ئەمین نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان لە میانەی بەشداریکردنی لە دوا گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 23:00ـی کوردستان24 راگەیاند، ‎فەرماندەی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق پێی راگەیاندوون، دەستبەجێ دەبێت ‎سەرجەم كارە كشتوكاڵییەكان لە گوندەكانی پەڵكانە، گابەڵەكە، خەرابە، شەناغە و سەربەشاخ رابگرن و هەركەسێكیش پابەند نەبێت سزادەدرێت و دەستگیر دەكرێت.

‎نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان گوتیشی، دوای هەوڵێكی زۆر و فشاری نوێنەرانی كورد لە بەغدا لە دووهەفتەی رابردوو،  توانیان کاری دروێنە لەسەر زەوەییەکانیان بكەن بەڵام ئەم بڕیارەی سوپای عێراق جارێكی دیكە ئاستەنگ بۆ جووتیارانی كورد لە ناوچەکە دروستدەكات.

هاوکات محەممەد ئەمین ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەگەری چارەسەرنەكردنی كێشەكە جووتیارانی كورد تووشی زیانی گەورە دەبن چونكە جووتیارانی سنوورەكە زەوییەكانییان بە بەرووبوومی كشتوكاڵی داچاندووە و راگرتنی ئاودانیش بەرووبوومەكان وشك دەكات و بەمەش دابینکردنی بژێوی ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە.

هەروەها بەناوی جووتیارانی ناوچەکەشەوە داوایكرد، "نوێنەرانی كورد و سەركردایەتی كورد دەستوەردان بكەن و ئەم غەدرەی سوپای عێراق قبووڵ نەكەن".

لەسەرەتا هاتنی وەرزی بەهارەوە، چەند جارێکی عەرەبی هاوردە هێرشیانکردووەتە سەر جووتیارانی کورد لە گوندەکانی سنووری سەرگەڕان و بە پشتیوانی سوپای عێراق رێگری دەکەن لە دروێنە و ئاودان و هەر كار و جووڵەیەكی كشتوكاڵی لە سنوورەکە.

لەگەڵ ئەوەشدا، چەند جارێک نوێنەرانی کورد لە بەغدا لەرێگەی ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی بەغدا بۆ رێگریکردن لە جووڵەکانی سوپای عێراق، بۆ ماوەی چەند رۆژێک فشارەکانی سەر جووتیارانی کورد دەوەستێت و جارێکی دیکە رێگرییەکان لە جووتیارانی کورد دەستپێدەکاتەوە، کە دوایین جاریان هەوڵەکانی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بوو کە لە رەگەیەندراوێکدا لە (13ـی ئایاری 2023) رایگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە داوایکرد جووتیاران بچن زەوییەکانیان بدوورنەوە.