تۆمەتبارێک لەکاتی دەستگیرکردنیدا رووبەڕووی هێزەکانی ئاسایشی هەولێر دەبێتەوە

شاری هەولێر - ئەرشیف
شاری هەولێر - ئەرشیف

K24 – هەولێر:

لەکاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک لە شاری هەولێر، شەڕەتەقە لەنێوان تۆمەتبارەکە و هێزەکانی ئاسایش روودەدات.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاندووە، هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسايشی هەولێر لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک بەناوی (ب،ن،م) کە لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆدەرچووە بەپێی ماددەی 431ـی هەڕەشەکردن، کەسێکی نزیکی ئەو ئەوتۆمەتبارە رووبەڕووی هێزەکانمان بووەتەوە بەناوی(ها.ج،م) و لەلایەن هێزەکانمان ئەوکەسە دەستگیرکراوە.

هەروەها بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاندووە، بەدواداچوون بەردەوامە بۆ دەستگیر کردنی تۆمەتبار(ب.ن) و هیچ کەسێک لە هێزەکانمان بریندارنەکراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەمشەو (1ـی حوزەیرانی 2023) لە گەڕەکی تەعجیلی شاری هەولێر، لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی داواکراودا، رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش روویداوە.

هاوکات گوتەبێژی ئاسایشی هەولێر بۆ کوردستان24 زانیارییەکانی ئەو رووداوەی پشتراستکردەوە و رایگەیاند، هێزەکانیان لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بەردەوامن و دواتر زانیارییەکان ئاشکرادەکەن.