بلینكن: رووسیا گوێی بۆ هیچ قسەیەک نەگرت و جەنگی بەرپاکرد

ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا
ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا

K24 – هه‌ولێر:

وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە فینلاند رایگەیاند، رووسیا گوێی بۆ هیچ قسەیەک نەگرت و جەنگی بەرپاکرد، لەمەرامبەریشدا ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانەکانی پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا و بەهێزکردنی ناتۆیان هەڵبژارد.

ئەنتۆنی بلینکن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاماژەی بەوەشدا، کات سەلماندی رووسیا بە هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا هەڵەیەکی ستراتیژی ئەنجامدا.

بلینکن هه‌روه‌ها گوتی: "ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان هەموو شێوازێکمان تاقیکردەوە بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانی جەنگ، لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە رێگەی کەناڵەکانی پەیوەندیکردنەوە و چەندین رێگەی دیکە، بەڵام رووسیا جەنگی هەڵبژارد".

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گوتیشی: "ئێمە سێ بڕیارماندا، یەکەم، هاوکاریکردنی ئۆکرانیا، بەهێزکردنی ناتۆ و سزادانی رووسیا".

ده‌شڵێت: "لەگەڵ هەموو ئەوانەی ئێمە ئەنجامماندان، ئۆکرانیاش ئەوەی ئەنجامدا کە پێویست بوو، بە تەواوی بەرگری لە خۆی کرد و لە بەرامبەر رووسیا وەستایەوە".

ئه‌نتۆنی بلینكن زیاتر روونیكرده‌وه‌، پێش دەستپێکی جەنگ لە نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری ئەوەمدا لەهەر کاتوساتێک بێت رووسیا دژی ئۆکرانیا جەنگ بەرپا دەکات، وەک دەبینن روویدا، بەڵام بەدرێژایی کات ئەوە سەلمێنرا، رووسیا لە دەستپێکردنی ئەو جەنگە هەڵەیەکی ستراتیژی کرد.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.