هیندستان.. بەهۆی پێکدادانی سێ شەمەندەفەر نزیکەی 300 کەس گیانیان لەدەستدا

پێکدادانی سێ شەمەندەفەر
پێکدادانی سێ شەمەندەفەر

K24 - هەولێر

بەڕێوبەری گشتی خزمەتگوزاری ئاگرکوژێنەوە لە ویلایەتی ئۆدیشا رایگەیاند، بەهۆی پێکدادانی سێ شەمەندەفەر لە رۆژهەڵاتی هیندستان، لانیکەم  288 کەس گیانیان لەدەستداوە.

سودانشۆ سارانگی بەڕێوبەری گشتی خزمەتگوزاری ئاگرکوژێنەوە، بە ئاژانسی فرانس پرێس گوت: ئێوارەی رۆژی هەینی، رووداوێکی پێکدادان لەنێوان سێ شەمەندەفەردا روویدا، لە ئەنجامدا لانیکەم 288 کەس گیانیانلەدەستدا و هەروەها 850 کەسی دیکەش برینداربوون.

گوتیشی: "ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بەرزدەبێتەوە، بەهۆی زۆری ژمارەی بریندارەکان"، جەختیشی لەوە کردەوە، بەرپرسە ناوخۆییەکەی ویلایەتی ئۆدیشا، پرادیپ جینا راگەیاندووە، "نزیکەی 850 بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان.

ئەمیتاب شارما، بەڕێوەبەری هێڵی ئاسنینی هیندستان بە هەمان ئاژانسی راگەیاند، رووداوەکە لەنێوان دوو شەمەندەفەر و شەمەندەفەرێکی بارهەڵگردا روویداوە کە لە شوێنی پێکدادانەکە وەستابوو.

دەشڵێت، تیمەکانی فریاگوزاری کاردەکەن بۆ رزگارکردنی بریندارەکان لەژێر داروپەردووەکان، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ترسی ئەوە هەیە ژمارەی گیانلەدەستدان زۆرتر بێت.