"گۆڕانكارییه‌كانی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌‌ دژی كابینه‌كه‌ی سوودانییە"

K24 - بەغدا

گۆڕانكاریكردن لە ماددەكانی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق، بە دژی كارنامەی كابینەی محەممەد شیاع سوودانی لێكدەدرێتەوە. ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی جوڵانەوەی بیدایە، کە یەكێكە لە جوڵانەوەكانی سەر بە دەوڵەتی یاسا، دەڵێ: ئەو گۆڕانكارییانەی لەلایەن چەند پەرلەمانتارێكەوە كراوە دژی بەرنامە وەزارییەكەی سەرۆك وەزیرانە كە پێشتر رایگەیاندبوو، كار لەسەر چارەسەرکردنی كێشەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق دەکات.

ئەسیر ئەلشەرع، ئەندامی مەکتەبی سیاسی جوڵانەوەی بیدایە بە کوردستان24ی راگەیاند: " گۆڕانکاری لە ماددەی 13 و14ی بودجە دژی رێککەوتنەکان و دژی كارنامەی حکومەتیشە، چونکە هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ پێشتر رێککەوتوون، ناکرێت هەندێک لایەن بیکەن بە پڕوپاگەندەی سیاسی خۆیان، لەبەر ئەوە هەر گۆڕانکاریەک کە دەکرێت زیان بەکابینەی حکومەت دەگەیەنێت".

كارنامەی وەزاری حکومەتی عێراق لە 24 خاڵ پێکدێت و هەموو لایەنەکانی ناو هاوپەیمانێتی ئیدارەی دەوڵەت پەسەندیانکردووە، تێیدا ئاماژە بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەردوو حكومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق دەكات لە پرسە جیاوازەكاندا.

 بەڕای چاودێرانی سیاسی، لادان لە كارنامە و پابەند نەبوون بە رێككەوتنەكان گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سەرەتا.

د. عەباس جەبوری، شارەزای سیاسی دەڵێ: " پێشێلکردنی هەر رێککەوتنێکی سیاسی دەبێتە هۆی زیادکردنی کێشە سیاسییەکان و عێراق دەگەرێنێتەوە بۆ خاڵی سەرەتا، هەرێمی کوردستان بەشێوەی یاسایی و دەستوور رێککەوتنی کردووە و بەرای من دەبێت لایەنەکانی دیکەش بۆ دەستوور و یاسا بگەرێنەوە و کێشەکان چارەسەر بکەن".

هەندێک لایەن بێ گوێدان بە رێککەوتنی سیاسی و کارنامەی حکومەت کار دەکەن، بۆ تێکدانی کەشوهەوا ئەرێنیەکانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، شاره‌زایان دەڵێن: گۆرینی هەر ماددەیەک لە بودجە، کێشە سیاسییەکان گەورەتر دەکات و دژی كارنامە وەزارییەكەی كابینەی محەممەد شیاع سوودانییە.