نرخی دانەوێڵە لە جیهاندا بۆ نزمترین ئاست دابەزی

K24 - هەولێر

رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ (فاو) رایگەیاند، لە مانگی ئایاری رابردوودا، نرخی خۆراکی جیهانی بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا دابەزی، ئاماژەی بەوەشکردووە، شەپۆلی هەڵاوسان لە ئاستی جیهانیدا دەستی بە پاشەکشە کردووە.

رۆژی هەینی،2ی حوزەیرانی 2023، رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەدواداچوون بۆ نرخی زۆرترین کاڵا خۆراکییە بازرگانییەکان دەکات لەسەر ئاستی جیهان، لە مانگی ئایاردا تێکڕای 124.3 خاڵ بووە، لە کاتێکدا لە مانگی پێشوودا 127.7 خاڵ بووە. ئامارەکانی مانگی ئایار بەراورد بە مانگی نیسانی ساڵی 2021ەوە نزمترین ئاستی تۆمارکردووە، بەو مانایەیە کە ئێستا پێوەرە گشتییەکە بە رێژەی لەسەدا 22 کەمترە.

ئاژانسی "بلومبێرگ" رایگەیاند، نرخی گەنم لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵی رابردوودا بۆ نزمترین ئاستی دابەزی، ئەمەش بەهۆی دابینکردنی دانەوێڵەی رووسیا و دۆخی باشی بەرهەمە ئەوروپییەکان و کاریگەرییان لەسەر بازاڕەکان.

سەبارەت بە دابینکردن و خواست لەسەر دانەوێڵە، رێکخراوی فاو پێشبینی دەکات بەرهەمهێنانی دانەوێڵەی جیهانی لەم ساڵدا بگاتە 2.813 ملیار تۆن، کە بە بەراورد بە ساڵی 2022 بە رێژەی 1% زیادیکردووە.

 دەستپێشخەری دانەوێڵەی دەریای رەش کە بە رێککەوتننامەی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە بەندەرەکانی ئۆکرانیا ناودەبرێت، رێککەوتنێکە کە لە 22ی تەمموزدا لە نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بە سەرپەرشتی تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدرا، کە یارمەتیدەر بوو لە کەمکردنەوەی قەیرانی خۆراکی جیهانی کە بەهۆی جەنگەوە سەری هەڵدابوو.

ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، نیگەرانین لە بەردەوامی خاوبوونەوە لە جێبەجێکردنی دەستپێشخەری دەریای ڕەش، کە بە تایبەتی لە مانگەکانی نیسان و ئایاردا بەدی دەکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی ئایاردا 33 کەشتی دانەوێڵە لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە بەڕێکەوتوون، کە ئەمەش نیوەی ژمارەکەیە بە بەراورد بە مانگی نیسان.

گوتەبێژەکە هۆکاری خاوبوونەوەی بەندەرەکەی بۆ داواکارییەکانی رووسیا گەڕاندەوە، کە ئەو وڵاتە داوا دەکات رێگەی پێبدرێت پەینی کیمیایی بەبێ سنوور هەناردە بکات.