ماوەی هەفتەیەکە 81 هاووڵاتی شنگال لەنێوان تورکیا و یۆنان گیریان خواردووە

ژمارەیەک هاووڵاتی شنگال لە دوورگەیەکی نێوان تورکیا و یۆنان
ژمارەیەک هاووڵاتی شنگال لە دوورگەیەکی نێوان تورکیا و یۆنان

K24 – هەولێر:

ماوەی هەفتەیەکە 81 هاووڵاتی شنگال لەرێگەی گەیشتنیان بە ئەوروپا لەلایەن قاچاخچییەکەوە فێلیان لێدەکرێت و لە دوورگەیەکی نێوان تورکیا و یۆنان جێدەهێڵدرێن.

بەگوێرەی پارچە ڤیدیۆیەک کە یەکێک لە هاووڵاتییەکان بۆ سۆشیال میدیای کوردستان24ـی ناردووە، دەڵێت، 28 پیاو و 28 ئافرەت و 25 منداڵ کە هەندێکیان ساوان، ماوەی شەش رۆژە لە دوورگەیەکی نێوان تورکیا و یۆنان گیریان خواردووە و لە دۆخێکی مرۆیی خراپدان.

لە ڤیدیۆکەدا ئەو هاووڵاتییانە داوای بەهاناوەچوونی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەن و لەو دۆخە رزگاریان بکەن بەهۆی ئەوەی خواردن و خواردنەوەی پێویستیان نییە و هەندێکیشیان تەندروستییان باش نییە و نەخۆشییان هەیە، هیچ جۆرە چارەسەرێکی پزیشکییان نییە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو هاووڵاتییانە لە پێکهاتەی ئێزدیین و پێشتر دانیشتووی شنگال بوونە و بەهۆی خراپی دۆخی ژیانیان لە ناوچەکە بەهۆی داگیرکردنی لەلایەن داعشەوە و ئاسایی نەکردەوە و ئاوەداننەکردنەوەی ناوچەکانیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، هەوڵیانداوە لەرێگەی تورکیاوە بگەنە یەکێک لە وڵاتانی ئەوروپا و داوای مافی پەنابەرێتی بکەن، بەڵام دوای وەرگرتنی پارەیەکی زۆر لەلایەن قاچاخچییەکەوە فێڵیان لێکراوە و لەو دوورگەیەی نێوان تورکیا و یۆنان بەجێهێڵدراون.