داکۆکیکارانی مافی ئاژەڵان لە مەغریب داوای قەدەغەکردنی کوشتنی سەگە بیلانەکان دەکەن

کوشتنی سەگی بێلانە
کوشتنی سەگی بێلانە

K24 - هەولێر

رۆژی شەممە، داکۆکیکارانی مافی ئاژەڵان لە ریباتی پایتەختی مەغریبەوە گردبوونەوە و داوای قەدەغەکردنی کوشتنی سەگە بێ لانەکانیان کرد، لە کاتێکدا دەسەڵاتداران بەڵێن دەدەن بە شێوەیەکی مرۆڤانەتر ئەو کارە بەڕێوەببەن.

چالاکوان ساچا لە داربەیزاوە (الدار البيضاء) بۆ خۆپیشاندانەکانی دژی "قڕکردنی سەگ و پشیلە لە سەرانسەری مەغریب"ەوە هاتبوو، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "سەگەکان خراپ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، خواردن و ئاویان پێنادرێت، بە شێوەیەکی دڕندانە دەکوژرێن، بە زیندووی دەسوتێنرێن، ژەهراوی دەکرێن و بەچکەکانیان دەخنکێن".

لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی ناڕەزایەتی نێودەوڵەتی و لەسەر بانگهێشتی کۆمەڵەی مەغریبی بۆ پاراستنی ئاژەڵان، ئەو جەماوەرە لە دەرەوەی پەرلەمان گردببونەوە، دروشمی "واز لە کوشتنی ئاژەڵی سەر شەقامەکان بێنن"یان دەگوتەوە.

عەلی عزەددین، سەرۆکی کۆمەڵەکە دەڵێت: "دەمانەوێت دەستبەجێ کۆتایی بە کوشتنی سەگی سەر شەقامەکان بهێنرێت". دەشڵێت، "داوا لە پەرلەمانتارانیش دەکەین یاسای پاراستنی ئاژەڵان دەربکەن".

عزەددین ، داوای جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی تایبەت دەکات بۆ گرتنی سەگی بێلانە و "تەعقیمکردن و کوتانیان".

لە سەروبەندی دانیشتنەکەدا وەزارەتی ناوخۆ بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاندووە، پێشتر رێوشوێنی هاندانی شارەوانییەکانیان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی خۆیان لە بەکارهێنانی چەک و مادەی ژەهراوی بەدوور بگرن بۆ نەهێشتنی سەگی بێلانە، بەمەبەستی کەمکردنەوەی ئازارەکانی ئاژەڵ و رێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانیان.

مەغریب لە ساڵی 2019ەوە رێککەوتنێکی لەگەڵ هاوبەشەکانی واژۆکرد بە ئامانجی "تەعقیمکردن و کوتانی سەگی بێلانە"، بەڵام گرووپە ناوخۆییەکانی مافی ئاژەڵان دەڵێن: کە ئەم بەرنامەیە هێشتا جێبەجێ نەکراوە.