رێبەر ئەحمەد: ناهێڵین هیچ کەسێک کولتووری پێکەوەژیان لە کوردستان تێکبدات

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە گوتارێکیدا رایگەیاند، لە ئێستا و داهاتووشدا دژی هەموو وتارێکی رق و کینەن لە هەرێمی کوردستان، گوتیشی: رێگە نادەین هیچ کەس و لایەنێک کولتووری پێکەوەژیان و سەقامیگری کوردستان تێکبدات.

رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی کردنەوەی پەیمانگای راهێنان و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان داوای جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتننامەی شنگالی کرد و دڵنیایی دا بە خوشک و برا ئێزدییەکان، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم هەوڵ و کۆششەکانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ شادبوونەوەی ئێزدییەکان بە خاک و زێدی رەسەنی خۆیان بە شێوازێکی شکۆمەند و ئارەزوومەندانە، گوتیشی: تا ئەوکاتەش هەموو هەوڵەکانمان بەردەوام دەبێت بۆ پاراستنی مافەکانیان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان.

رێبەر ئەحمەد باسی لەوەشکرد، دوای هەشت ساڵ بەسەر کارەساتی شنگال و هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا 325 هەزار ئێزدی نەیاتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی رەسەنی خۆیان.

وەزیری ناوخۆ گوتیشی: تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی جدی لەلایەن حکومەتی عێراقی فیدراڵەوە نەنراوە بۆ جێبەجێکردنی ریککەوتن نامەی شنگال و گوتیشی ئێمە لە هەماهەنگیداین لەگەڵ هاوبەشانمان لە حکومەتی فیدراڵ تاوەکو خاڵەکانی رێککەوتنی شنگال وەک خۆی جێبەجێبکرێت.

ئەمڕۆ بەئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی بەرێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و سەرجەم پارێزگار و ئیدارە سەربەخۆکان لەگەڵ شاندێکی باڵای ئەڵمانیا و کونسڵی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان پەیمانگای راهێنان و بەرێوەبردنی قەیرانەکان کرایەوە.

رێبەر ئەحمەد راشیگەیاند، هاوکاری هێزەکانی ئەڵمانیا بۆ راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە بەرز دەنرخێنن و شانازی بە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیاوە دەکەن.

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەشدا، کابینەی نۆیەم کاری بۆ کردنەوەی بەهێزترین سەنتەری وەڵامدانەوەی قەیرانەکان کردووە.

بە گوتەی رێبەر ئەحمەد، پەیمانگای راهێنان و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، یەکێکە لە پرۆژە گرنگ و پێویستەکان، کە بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتی ئەڵمانیا پلانی بۆ داڕێژراوە و تێیدا مەشق و راهێنان بە کارمەندانی حکومەت و خۆبەشخان و تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرا پێشکەش دەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم پەیمانگایە ئاستی هۆشیاری و توانای وەڵامدانەوە بەرز دەکاتەوە و تێیدا راهێنانی تایبەت بە بواری ئامادەباشی بۆ قەیران و کارەسات هەروەها چۆنییەتی بەهاناوەچوون و ئەنجامدانی فریاگوزاری سەرەتایی پێشکەش دەکرێت.

بە گوێرەی قسەکانی وەزیری ناوخۆ، خولەکان لەلایەن تیمی راهێنراوی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و خۆبەخشەکان پێشکەش دەکرێن، هاوکات لە پرۆژەکەدا چەندین باڵەخانەی رووخاو و نیمچەرووخاو و سیناریۆی جیاواز دروستکراوە بۆ راهێنانی تیمەکان.

کۆی رووبەری پرۆژەکە پێنج هەزار مەتر دووجایە، کە بڕی چوار هەزار مەتر دووجا بۆ داڕشترنی سیناریۆکان بەکارهێنراوە.

رێبەر ئەحمەد گوتیشی: سوپاسی هاوبەشانمان لە وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا دەکەین، کە توانیویانە قۆناغی گەورە ببڕن لە هەنگاونان بەرەو دامەزراندنی سیستەمی وەڵامدانەوەی قەیران و کارەسات لە هەرێمی کوردستان.

راشیگەیاند، کە لەم ماوەیەدا چەندین پرۆژەی گەورە و گرنگیان ئەنجامداوە بۆ ناوەندی هەماهەنگی هاوبەش لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کەمپەکانەوە تا ئێستاش لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ بەردەوامن و، بە پشتیوانی ئەوان ئێستا ناوەندی هەماهەنگی هاوبەش خاوەنی چەندین کۆگای لۆجیستیکە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، هەر یەکێکیان لەسەر رووبەری 6500 مەتر دروست کراون.