پۆلیسی راپەڕین لەبارەی کوژرانی وەرزێر ئەحمەد: لەگەڵ دوو هاوڕێی خۆی بووەتە دەمەقاڵێیان

.
.

K24 - هەولێر:

پۆلیسی راپەڕین لەبارەی کوژرانی گەنجێک بەناوی وەرزێر ئەحمەد لە زاری چەند شایەتحاڵێکەوە بڵاویکردەوە، ئەو هاووڵاتییە لەگەڵ دوو هاوڕێی خۆی دەمەقاڵێ لە نێوانیان روویداوە.

بە گوێرەی راگەیێندراوێکی پۆلیسی راپەڕین، شەوی رابردوو بریندارێک بەناوی (وەرزێر ئەحمەد) رەگەزی نێر، لەدایکبووی ساڵی 2002، پیشەی کاسب، دانیشتووی قەڵادزێ گەڕەکی راپەڕین گەیەندرایە نەخۆشخانە، شوێنەواری چوار چەقۆ بەسەر جەستەیەوە هەبووە.

ئاماژەی بەوەشدا، دوای گەیشتنی بە نەخۆشخانه هەوڵدرا وتەی لێ وەربگیرێ، بەڵام بەهۆی ناجێگیری تەندروستی وتەی بۆ نەدراوە.

پۆلیسی راپەڕین راشیگەیاند، دوای چارەسەری سەرەتایی بەهۆی سەختی برینەکەی بەڕێکرا بۆ سلێمانی، بەڵام پێش گەیشتنی بۆ شوێنی مەبەست لە رێگا گیانی لەدەستداوە.

پۆلیسی راپەڕین لە زاری شایەتحاڵەکان بڵاویکردەوە، ئەو هاووڵاتییە لەگەڵ دوو هاوڕێی خۆی دەمەقاڵێی لە نێوانیان روویداوە و دواتر به دوو کەس بە چەقۆ هێرشی کراوەتەسەر و بە سەختی بریندار بووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین ئەوەشی خستەڕوو، بە بڕیاری دادوەر بە پێی مادەی 406 لە یاسایی سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دوو کەس دەرچووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ رووداوەکە ڕێکخراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.