رێبوار تاڵه‌بانی: سوپای عێراق ئامانجیه‌تی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان ته‌عریب بكات

K24 – هەولێر:

سوپای عێراق زیاتر له‌ 10 جووتیاری كورد له‌ سنووره‌كانی كه‌ركووك ده‌ستگیرده‌كات بە بیانووی ئەوەی کاری کشتوکاڵیان ئەنجامداوە، کە سوپا چەند رۆژێکە قەدەغەیکردووە، هاوكات راوێژكارێكی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌موو حكومه‌ته‌كانی عێراق سته‌میان له‌ جووتیارانی كورد و زه‌وییه‌كانیان كردووه‌ و ئامانجی لێسه‌ندنه‌وه‌ی موڵكی كوردییه‌ له‌و ناوچانه‌.

رێبوار تاڵه‌بانی، راوێژكاری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت كوردستان24ـی راگه‌یاند، سوپای عێراق له‌وه‌ته‌ی هه‌یه‌ و له‌وه‌ته‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت له‌وه‌ته‌ی سه‌رده‌می حه‌ره‌س قه‌ومییه‌وه‌، له‌ رێگه‌ی حكومه‌ته‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دات كورد لاواز و بێده‌سه‌ڵات بكات و زه‌ویی و ناوچه‌كانی كورد له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان زه‌وت بكات و داگیریان بكات و دووباره‌ ناسنامه‌ی ته‌عریب و هه‌ر جۆره‌ ناسنامه‌یه‌كی دیكه‌ی ناكوردییان به‌به‌ردا بكات، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه‌.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، زه‌وی ناوچه‌كانی كه‌ركووك به‌ر له‌ دروستبوون و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراقیش ناوچه‌ی كوردی بوونه‌ و جووتیاری كورد كاری جووتیاری تێدا كردووه‌، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق به‌ زه‌بری هێز و سوپاكه‌ی، به‌رده‌وام عه‌ره‌بیان هێناوه‌ته‌ ناوچه‌كه‌ و نیشته‌جێی كردوونه‌، ئامانجیشی بریتی بووه‌ له‌ سڕینه‌وه‌ ناسنامه‌ی كوردی له‌و ناوچانه‌ و گۆڕینی دیمۆگرافیاكه‌ی.

روونیشیكرده‌وه‌، ئامانجی سه‌ره‌كی له‌و پڕۆسانه‌دا گۆڕینی تاپۆی ئه‌و زه‌وییانه‌یه‌ له‌ تاپۆی جووتیارانی كورد بۆ تاپۆی عه‌ره‌بی هاورده‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش پاساوی جۆراوجۆر ده‌هێننه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و زه‌وییانه‌ تاپۆكانیان به‌ ناوی وه‌زاره‌تی به‌رگری یان كشتوكاڵ یانیش وه‌زاره‌تی داده‌، یانیش پاساوه‌كانی وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ پڕۆژه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی به‌رگری و كشتوكاڵ و داد له‌و زه‌وییانه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌مانه‌ پاساوه‌كانیانه‌ و ئامانجی سه‌ره‌كییان زه‌وتكردنی زه‌وییه‌كانی كورد و لێسه‌ندنه‌وه‌ی ناسنامه‌كه‌یه‌تی.

ئه‌مڕۆ یەکشەممە 4ـی حوزەیرانی 2023، محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بە کوردستان24ی راگەیاند، سوپای عێراق هەلیکوتاوەتە سەر گوندی شەناغە و تائێستا 12 جووتیاری کوردیان دەستگیر کردووە بە بیانووی ئەوەی کاری کشتوکاڵیان ئەنجامداوە کە سوپا چەند رۆژێکە قەدەغەیکردووە.

محەممەد ئیسماعیل ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵکی ناوچەکە تەنیا کاری کشتوکاڵ دەکەن شک بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن و ناتوانن دەستبەرداری ببن.

بەگوتەی نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان، "فشاری سوپای عێراق بۆ ئەوەیە گوندەکان چۆڵبکەین و دواتر عەرەبی هاوردەبێن و دەستی بەسەردا بگرن". داواش دەکات سەرکردایەتی سیاسی کورد بەزووترین کات دەستوەردان بکەن و کۆتایی بە دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکەیان بهێنن، چونکە وەکو خۆی دەڵێت، "دۆخەکە زۆر خراپە و هاوشێوەی سەردەمی بەعس سوپا هاوڵاتی کورد دەستگیردەکەن و سوکایەتی پێدەکەن هۆکارەکەشی تەنیا ئەوەیە کە کوردن."

یه‌كشه‌ممه‌ (22ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، په‌یامنێری كوردستان24 له‌ كه‌ركووك رایگه‌یاند، جارێكی دیكه‌ سوپای عێراق هه‌ڵیكوتایه‌ سه‌ر گوندی په‌لكانه‌ له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركووك و رێگری له‌ جووتیاره‌ كورده‌كانی ئه‌و گونده‌ ده‌كات زه‌وییه‌كانیان به‌كاربهێنن. په‌یامنێری كوردستان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "پەلكانە بەهێزی سەربازی گەمارۆدراوە"

محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی ناحیه‌ی سەرگەڕانی سه‌ر به‌ پارێزگای كه‌ركووك به‌ كوردستان24ی راگەیاند، ئامر لیوای 31ی سوپای عێراق كە ناوی "حەسەن هادییە" لەسەر داوای عەرەبە هاوردەكان بەهێزێكی سەربازییەوە هاتووه‌تە گوندی پەلكانە و هەڕەشەی لە جووتیاران كردووه‌، كە بەهیچ شێوەیەك نابێت زەوییەكانییان بەكاربهێنن.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هێزەكەی سوپای عێراق دەستیان بەسەر كەرەستە كشتوكاڵییەكاندا گرتووە و مەڕەشەكانی ئاودانیان لێكردووه‌ته‌وه‌. 

رۆژی 10ـی ئایاری 2023، بە بڕیاری سوپای عێراق دروێنە و ئاودان و هەر كار و جووڵەیەكی كشتوكاڵی لە سنووری سەرگەڕان لە جووتیارانی كورد قەدەغە كرا.

محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان لەم بارەیەوە بە كوردستان24ی راگەیاند، سوپای عێراق بە فەرمی سەرجەم جوتیارانی كوردی سنوورەكەی ئاگەداركردووەتەوە لەوەی، هەر كەسێك كاری كشتوكاڵی و ئاودان و دروێنە بكات دەستگیر دەكرێت و سزادەدرێت.

هه‌مان رۆژ ‎لە كاتی رشاندنی دەرمان و كاری كشتوكاڵی سوپای عێراق، جوتیارێكی كوردیان لەگوندی پەلكانەی سەربە شارەدێی سەرگەڕان دەستگیركرد.