شاره‌زایه‌کی ئاسایشی خۆراك: گه‌نمی هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌به‌ری ئاسایشی خۆراكی عێراق ده‌كات

ته‌ڵعه‌ت محه‌ممه‌د تاهیر، شاره‌زای ئاسایشی خۆراك
ته‌ڵعه‌ت محه‌ممه‌د تاهیر، شاره‌زای ئاسایشی خۆراك

K24 - هەولێر:

ئه‌مساڵ به‌ به‌راورد به‌ ساڵی رابردوو، رێژه‌ی بارانبارین له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتر بوو، به‌هۆیه‌وه‌ش به‌رهه‌می جووتیاران زیاتر بووه‌، هاوكات حكومه‌تی عێراق بڕیاری داوه‌ ته‌نها بڕی 375 هه‌زار تۆن گه‌نمی جووتیارانی كورد وه‌ربگرێت، به‌مه‌ش گه‌نمێكی زۆری جووتیاران ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ وه‌رناگیرێت، له‌لای خۆیه‌وه‌ شاره‌زایه‌تی ئاسایشی خۆراك رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌وه‌ر‌گرتنی ته‌واوی گه‌نمی جووتیارانی كورد، عێراق ده‌توانێت ده‌سته‌به‌ری ئاسایشی خۆراك بكات.

د. ته‌ڵعه‌ت محه‌ممه‌د تاهیر، شاره‌زای ئاسایشی خۆراك له‌باره‌ی به‌رهه‌می ئه‌مساڵی جووتیارانی كورد و وه‌رگرتنی ئه‌و رێژه‌یه‌ی حكومه‌تی عێراق دیاریكردووه‌، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، عێراق ساڵانه‌ پێویستی به‌ 5 ملیۆن 700 هه‌زار تۆن گه‌نم هه‌یه‌، بۆ مه‌به‌ستیكردنی دابینكردنی پسووله‌ی خۆراك، واته‌ هه‌ر تاكێكی عێراق ساڵانه‌ پێویستی به‌ 136 كیلۆگرام هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌ركی وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراقه‌ كه‌ گه‌نم بۆ هاووڵاتیان دابین بكات و بیكاته‌ ئارد و له‌ رێگه‌ی پسووله‌ی خۆراكه‌وه‌ به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌شی بكات.

ئه‌و شاره‌زایه‌ی ئاسایشی خۆراك گوتیشی، گه‌نم له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا، به‌رهه‌مێكی ستراتیژییه‌، روونیشكرده‌وه‌، بارانی مانگه‌كانی ئایار، نیسان و ئایار كاریگه‌رییه‌كی باشیان له‌سه‌ر زیادبوونی رێژه‌ی به‌رهه‌می ئه‌مساڵی گه‌نم و دانه‌وێڵه‌ هه‌بوو، به‌شێوه‌یه‌ك رێژه‌ی به‌رهه‌می گه‌نمی ئه‌مساڵی جووتیارانی كورد، ده‌گاته‌ نێوان 600 – 700 هه‌زار تۆن. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به‌وپێیه‌ی رووبه‌ری داچاندن له‌ هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 2 ملیۆن و 295 هه‌زار دۆنمه‌، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر وه‌رزی باران باش بێت،  داهاتی به‌روبومه‌كه‌ی ده‌گاته‌ ملیۆنێك بۆ ملیۆنێك و 100 هه‌زار تۆن.

 جه‌ختیشكرده‌وه‌، كه‌ گه‌نم ده‌سته‌به‌ری ئاسایشی خۆراكی هه‌ر وڵات و هه‌رێم و یه‌كه‌یه‌كی سیاسی ده‌كات، بۆیه‌ وه‌رنه‌گرتنی گه‌نمی جووتیارانی كورد له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق، كاریگه‌ری نه‌رێنی به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ دروست ده‌كات، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ وه‌رگرتنی گه‌نمی زیاده‌ی جووتیارانی كورد، ده‌سته‌به‌ری ئاسایشی خۆراك ده‌كات.

رۆژی 29ـی ئایاری 2023، زێدا محەممەد بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، تایبەت بە کوردستان 24 رایگەیاند، هەواڵی خۆش بۆ جوتیاران ئەوەیە، ئەو بڕە گەنمەی کە بە 375 هەزار تۆن بۆ جوتیارانی هەرێمی کوردستان دیاریکرابوو بڕیاردرا لاببرێت، بڕی وەرگیراو بۆ جوتیاران کراوە بێت، واتە هەرچەندێکیان بەرهەمهێنابێت لێیان وەربگیرێت.

گوتیشی: لە بەغدا پەیمانی ئەوەیان پێدراوە بڕە گەنمی هەرێمی کوردستان هەرچەند بێت لێیان وەردەگیرێت.

هه‌مان رۆژ  ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاری عێراق بۆ كاروباری ئابووری بڕیاریدا، هه‌موو گه‌نمی ئه‌مساڵی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق وه‌ربگیرێت.

رۆژی 27ـی ئایاری 2023، کەمال موسلیم، وەزیری بارزگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان و حەیدەر نووری، بەرێوەبەری بەبازارکردنی دانەوێلە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق لەبارەی دەستپێکردنی پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە سایلۆکان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان لە هەولێر سازکرد.

وەزیری بارزگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان پێیوایە گەنمی ئەمساڵی جووتیاران بەراورد بە ساڵی رابردوو لە رووی کواڵێتییەوە باشتر و لە رووی بڕەوە زیاترە. ئاماژەی بەوەشکرد، پێیانباشبوو رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 25ـی ئایاری 2023، دەرگای سایلۆکان بەڕووی وەرگرتنی گەنمی جووتیاراندا بکرابانەوە، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی رێکارەکان، دەستپێکردنی پڕۆسەکە بۆ ئەمڕۆ دواکەوت.  

بەگوتەی کەمال موسلیم 40 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان و هەر ئەمڕۆ دوای ئەوەی جووتیارەکان گەنمیان رادەستدەکەن، شاییستە داراییەکانیان پێ دەدەرێت و، ئەوانەی لە رۆژانی داهاتووشدا گەنم رادەست دەکەن، بەهەمان شێوە پارەکەیان وەردەگرن و ناهێڵن مافیان بخۆرێت.