سەدا 62ی شلیکی هەموو ئێران لە سنە بەرهەم دەهێنرێت

K24 - هەولێر

پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە ژمارەی دانیشتووانی کەمتر لە %2ی کۆی دانیشتووانی ئێرانە، ساڵانە بە بەرهەمهێنانی 75 هەزار تۆن شلیک، زیاتر لە %62ی کۆی شلیکی ئێران بەرهەم دێنێت.

ئەمساڵ نرخی شلیک بەراورد بە ساڵانی پێشوو دابەزیوە و بەرهەمهێنەرانی شلیک لە پارێزگای سنە دەڵێن، بەهۆی نەبوونی کارگەیەک کە راستەوخۆ بەرهەمەکانیان لێ بکڕێت، قازانجی ماندوبوونی ئەوان دەچێتە گیرفانی دەڵاڵەکانەوە.

پارێزگای سنە وەک ناوەندی شلیکی ئێران ناسراوە، لە 3600 هێکتار زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو پارێزگایە ساڵانە نزیک 75 هەزار تۆن شلیک بەرهەم دەهێنرێت، ساڵ بە ساڵیش رووبەری ئەو زەوییانەی شلیکیان تێدا بەرهەم دەهێنرێت زیاتر دەبێت.

بەرهەمی شلیکی سنە زۆر لە پێداویستیی ناوخۆیی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاترە و بە هۆی نەبوونی کارگەی تایبەت بەم بەرهەمەش، جووتیاران ناچارن بەرهەمەکانیان لە رێگەی دەڵاڵەکانەوە بۆ شارەکانی ناوەندی ئێران بنێرن، ئەمەش وایکردووە نرخی بەرهەمەکەیان دابەزێت و وەکخۆیان دەڵێن، بەشێکی زۆری قازانجی کارەکەیان بۆ دەڵاڵەکان بێت.