بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر: خواستێکی زۆر لەسەر بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەیە

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای هەولێر
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای هەولێر

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای هەولێر ئاماژە بەوە دەدات، تا ئێستا زیاتر لە هەزار پشتگیرییان داوەتە جووتیارانی سنووری ئەو پارێزگایە بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان رەوانەی شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بکەن. دەشڵێت، "خواستێکی زۆر لەسەر بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەیە".

رۆژی دووشەممە 5ـی حوزەیرانی 2023، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی رێگەدان بە هەناردەکردنی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق رایگەیاند،  هەر جووتیارێک بەرهەمەکانی رەوانەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بکات، پێویستی بە پشگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و تا ئێستا لە عەلوەکانی هەولێر زیاتر لە هەزار و 200 پشتگیری بە جووتیاران دراوە.

وەکو ئەوەی بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای هەولێر ئاماژەی پێ دا، بە پێدانی هەر یەکێک لەو پشتگیریانە زیاتر لە 20 تۆن بەرهەمی جووتیارانی ڕەوانەی شارە جیاجاکانی عێراق دەکرێت.  

هێمن سەید موراد ئاماژەی بەوەش کرد، هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق هەنگاوێکی دڵخۆشکەرە، چیدیکە بەرهەمی زیادەی جووتیاران بەسەر شانیاندا نامێنێتەوە و لە دەرەوەی هەرێم ساخی دەکەنەوە. گوتیشی، "کواڵێتی بەرهەمی جووتیارەکانمان زۆر باشە و ئێستا خواستێکی زۆر لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی هەیە."

رۆژی چوارشەممە 31ـی ئایاری 2023، زێدا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای ئەوەی بۆ ماوەی سێ رۆژ لە بەغدا وەک تیمی وەزارەت کۆبونەوەیان لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری عێراق و وەزارەتی کشتوکاڵی ئەو وڵاتە کرد، رەزامەندیدرا رێگە بە هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی ناوەراست و باشووری عێراق بدرێت.