رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی: حەوت ساڵە 643 هاووڵاتی پارێزگای ئەنبار بێسەروشوێنن

لۆگۆی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی
لۆگۆی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی

K24 - هەولێر:

رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) داوا لە حکومەتی عێراق دەکات چارەنووسی ئەو 643 هاووڵاتییە ئاشکرابکات، کە لە ئۆپراسیۆنەکانی گرتنەوە فەلوجە لە حوزەیرانی 2016ـەوە تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن.

ئەمڕۆ دووشەممە (5ـی حوزەیرانی 2023)، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، ماوەی حەوت ساڵە 643 هاووڵاتی کە لە پیاو و مێردمنداڵ پێکهاتوون، بێسەروشوێنن کە لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنێکی سەربازی لە حوزەیرانی 2016 بۆ گرتنەوەی قەزای فەلوجە لە پاریزگای ئەنبار لەلایەن ئەو گرووپە چەکدارانەی کە ئێستا لە رووی یاساییەوە بەشێکن لە دامەزراوەی هێزە چەکدارەکانی عێراق.

لە راپۆرتەکەدا ئایا مەجزوب، جێگری بەڕێوەبەری رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ئاماژە بەوەکردووە، حەوت ساڵە ئەو لیژنەیەی لەلایەن حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی ئەوسای عێراق پێکهێندرا بۆ لێکۆڵینەوە لە چارەنووسی ئەو بێسەروشوێنانە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکیان ئاشکرانەکردووە و هیچ کەسێکیش بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو تاوانە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا نەکراوە.

ئەو بەرپرسەی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی روونیکردووەتەوە، قوربانییەکانی ئەو رووداوە تەنیا بێسەروشوێنەکان نین، بەڵکو خێزان و کەسوکارەکانیشیانن، کە تائێستا بەبێ ئەوەی چارەنووسی بێسەروشوێنەکانیان بزانن، بە ئازارەوە دەژین.

رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رەخنەی ئاراستەی حکومەتی عێراقی کردووە کە تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە وەڵامی ئەو خێزانانە بداتەوە و قەرەبووی شیاویان بکاتەوە، هەروەها بە پێویستی دەزانێت حکومەتی عێراق بە زووترین کات چارەنووسی ئەو بێسەروشوێنانە ئاشکرابکات و ئەوانەی دەستیان لەو رووداوەش هەیە رووبەڕووی دادگایەکی دادپەروەرانە بکرێنەوە.

لەبارەی چیرۆکی ئەو رووداوەوە، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی 2016. هەزاران ژن و پیاو و منداڵ کە لە ناوچەی سەقڵاوییەی پارێزگای ئەنبار هەڵاتبوون، رووبەڕووی ژمارەیەکی زۆر لە چەکداری میلیشیاکان بوونەوە و دواتر بە پاس و بارهەڵگر، ژمارەیەک لە پیاو و مێردمنداڵەکانیان بۆ شوێنێکی نادیار بردووە کە تائێستا بێسەروشوێنن.

رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی جەختی لەسەر ئەوەشکردووەتەوە، چەندین جار هەوڵیداوە لە رێگەی ئاگادارکردنەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو قوربانیانە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی ئەرێنییان پێنەگەیشتووە، لە کاتێکدا لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، لیژنەی نەتەیەکگرتووەکان پەیوەندیدار بە حاڵەتەکانی ونبوونی زۆرەملێ، داوایکردووە عێراق بە زووترین کات ئەو جۆرە رووداوانە بە تاوان بناسێنێت کە تاوەکو ئێستا لە یاسا بەرکارەکانی عێراقدا حاڵەتەکانی ونبوونی زۆرەملێ بە تاوان هەژمارنەکراوە.