تیمی رێکخەرانی هایتێکس: ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەت لە هایتێکس پاڵپشتییەکی گەورەیە

"بەشداریکردنی سەرۆکی حکومەت لە پێشانگەکە هانی کۆمپانیا بیانییەکان دەدات نەترسن لەوەی بێنە هەرێمی کوردستان"
پێشانگەی هایتێکس - ئەرشیف
پێشانگەی هایتێکس - ئەرشیف

K24 - هەولێر:

هایتێکس چالاکییەکی تەکنەلۆژیایە و تێیدا نوێترین و دوایین داهێنانە تەکنەلۆژییەکان نمایش دەکرێن، رێکخەرانی پێشانگەکەش خۆشحاڵن بە بەشداریکردنی حکومەت و سەرۆکی حکومەت لە هایتێکس.

رابەر کەریم، بەرپرسی بەشی فرۆشتن و رێکخەری پێشانگەی هایتێکس بە کوردستان24ـی راگەیاند، هاتێکسی ئەمساڵ دەربارەی بە دیجیتاڵکردنی عێراق و هەرێمی کوردستانە و، زۆرینەی ئەو کۆمپانیایەی بەشداری پێشانگەکە دەکەن دەیانەوێت پیشانی ژینگە و بازاڕ و حکومەتی بدەن کە ئامادەن وەک سەرچاوەیەکی تەکنەلۆژی سەیر بکرێن، تاوەکو حکومەت زیاتر پشت بە کۆمپانیا نێوخۆییەکان ببەستێت لە بواری بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان.

ئەو ئەندامەی تیمی رێکخەرانی هایتێکس دەڵێت، خۆشبەختانە هایتێکس ئێستا لە سەردەمێکدایە کە حکومەت سەرنجی لەسەر بەدیجیتاڵکردنە.

گوتیشی: ماوەی سێ ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە گەرموگوڕی بەشداری لە هایتێکس دەکات، تەنانەت لەنێو هایتێکس شوێنێکی تایبەت بەخۆیان هەیە، هەموو ئەو وەزارەتانەی حکومەت کە خزمەتگوزاری دیجیتاڵیان هەیە، دێن لەوێ پیشانی خەڵکی دەدەن و، لە خەڵک نزیک دەبنەوە و پرسیارەکانیان لێوەردەگرن.

رابەر کەریم باسی لەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی پارێزراو و سەلامەتە لەڕووی ئاسایشەوە، وەبەرهێنەرە بیانییەکان حەز دەکەن وەبەرهێنانی تێدا بکەن.

ئەمڕۆ کاتژمێر 10:00 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشانگەی (هایتێکس 2023) لە شاری هەولێر دەکاتەوە.

رابەر کەریم لەبارەی بەشداریکردنی سەرۆکی حکومەت لە پێشانگەی هایتێکس گوتی: ئامادەبوونی خوودی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتییەکی زۆر گەورەیە و جددییەتی حکومەت پیشان دەدات لە بابەتەکەدا، هەروەها وادەکات کۆمپانیا بیانییەکان نەترسن لەوەی بێنە هەرێمی کوردستان.

هایتێکسی ئەمساڵ چوارەمین جارە لە هەولێر بەڕێودەچێت و ئیڤێنتێکی چوار رۆژەیە و تاوەکو 9ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

لە هایتێکسی ئەمساڵ 121 کۆمپانیا لە 20 وڵات جیاواز بەشداریان کردووە و لە چوار بەشی سەرەکی پێکهاتووە ئەوانیش پێشانگە، کۆنفرانس، ئەستێرەکانی داهاتوو و گۆشەی کاریگەر.