لە دهۆک یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون تۆمار کرا

باڵەخانەی نەخۆشخانەی گشتیی ئازادی لە شاری دهۆک
باڵەخانەی نەخۆشخانەی گشتیی ئازادی لە شاری دهۆک

K24 - دهۆک

لە دهۆک یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون تۆمار کرا و "تووشبووەکە دانیشتووی ناحیەی باشیکە و مەڕوماڵات و مانگای بەخێو دەکرد."

ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی حوزەیرانی 2023، سەگڤان دۆسکی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی شاری دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ گەنجێکی تەمەن 27 ساڵ لە نەخۆشخانەی ئازادی بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا.

ئەو تووشبووە، وەکو ئەوەی سەگڤان دۆسکی باسی دەکات، دانیشتووی ناحیەی باشیکی سەر بە پارێزگای نەینەوایە و مەڕوماڵات و مانگای بەخێو دەکرد.

رۆژی دووشەممە 5ــی حوزەیرانی 2023، سه‌یف به‌در، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا 20 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی نەخۆشی تای خوێنبەربوونەوە گیانیان لەدەستداوە. جه‌ختیشیكرده‌وه‌، دۆخی نه‌خۆشییه‌كه‌ لەژێر كۆنترۆڵدایه‌ و تا ئێستا به‌ سه‌دان كه‌س له‌و په‌تایه‌ چاكبوونه‌ته‌وه‌.

لەماوەی رابردوودا وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆنترۆڵکردنی لە تای خوێنبەربوون وەزارەتی تەندروستی چەند رێوشوێنێکی راگەیاند.

لە نووسراوێکی وەزارەتی تەندروستی کە واژۆی د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی بەسەرەوەیە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکانی کردووە، چەند خاڵێکی خستووەتەڕوو بە مەبەستی گرتنەبەری رێوشوێن بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون.

لە نووسراوەکەی وەزارەتی تەندروستی هاتووە، بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی تای خۆێنبەربوون کە نەخۆشییەکی ڤایرۆسی زۆر مەترسیدارە، لەبەر تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی پشتڕاستکراو لە هەندێک پارێزگای هەرێمی کوردستان پێویستە ئەم شوێنانە بگیرێنەبەر:

1-سەربڕینی ئاژەڵان لە ماڵان بە هەمووشێوەیەک قەدەغەیە و تەنها لە شوێنی رێپێدراو دەبێت.

2- پابەندبوونی قەسابەکان بە لەبەرکردنی کەلوپەلی خۆپاراستن بەتایبەتی لەبەرکردنی دەستکێشی لاستیک و جلی تایبەتی خۆپارێزی لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵان یان گۆشت و خوێنەکەی بەشێوەی تەواو، لەکاتی سەرپێچی بە توندی سزادەدرێن.

3- دوای سەربڕین ئاژەڵ دەبێ شوێنەکە پاک بکرێتەوە و بە بەکارهێنانی گیراوەی کلۆر.

4-پێویستە هاووڵاتییان گۆشتی سوور لە شوێنی رێپێدراو بکڕن و دەستکێش لە دەست بکەن و ئاگاداربن دەستیان بریندار نەبێت و تەختەی لەتکردنی گۆشت جیاواز بێت لە هی سەوزە، پاشان شوێنەکە بە ئاوی گەرم و پاکبکرێتەوە.

5- لەبەرکردنی جلی قۆڵ درێژ و رەنگی کاڵ لەکاتی سەردانی ئەو شوێنانەی گەنەکان تێیدا بڵاوە، بەکارهێنانی کرێمی تایبەت بە دروورخستنەوەی مێروو و گەنە لە لەشی مرۆڤ.

6- بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی پێویستە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڤێتێرنەری و کشتوکاڵ بکەن دەربارەی رێکارەکانیان سەبارەت بە رشاندنی ئاژەڵان بە قڕکەر.

7-جەخت کردنەوە لە کاری پتەوکردنی تەندروستی بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لە رێگەی هەڵمەتی جیاواز و بڵاوکردنەوەی رێنمایی بە مەبەستی گەیاندنی زانیاری دروست.

8- جێبەجێکردنی چالاکییەکانی رشاندنی شوێنی گەنەکان بە گوێرەی پلانی ساڵانەی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان.

9- پابەندبوونی کارمەندانی تەندروستی بە لەبەرکردنی کەرەستەی خۆپارێزی کەسی بەشێوەیەکی زانستی دروست.