قایمقامیەتی سلێمانی پارکەکانی راوەستانی ئۆتۆمبێل لە چاڤیلاند دادەخات

یەکێک لە پارکەکانی چاڤیلاند کە بەهۆی چەند سەرپێچییەکەوە لەلایەن قایمقامیەتی سلێمانیەوە دادەخرێت
یەکێک لە پارکەکانی چاڤیلاند کە بەهۆی چەند سەرپێچییەکەوە لەلایەن قایمقامیەتی سلێمانیەوە دادەخرێت

K24 - هەولێر:

بەهۆی زیاد وەرگرتن و بەکرێدانی شەقامی گشتی، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی پارکەکانی راوەستانی ئۆتۆمبێل لە چاڤیلاند دادەخات.

قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لەسەر سکاڵای هاووڵاتییان و بەهۆی زیاد وەرگرتن و بەکرێدانی شەقامی گشتی، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی هەر سێ پارکی ئۆتۆمبێلەکانی پرۆژەی گەشتیاری چاڤیلاند دادەخات.

قایمقامیەتی سلێمانی لە زاری رائیدی هاتوچۆ دانا عوسمان، سەرۆکی لیژنەی هاتووچۆ رایگەیاند، لەسەر سکاڵای هاووڵاتیان کە لە قایمقامیەتی سلێمانی تۆمارکراوە، لە رۆژی جیهانی مناڵاندا، پڕۆژەی گەشتیاری چاڤیلاند نرخی وەستانی ئۆتۆمبێلی بەرزکردوەتەوە بۆ سەروو (2000) دینار، بۆیە لەلایەن لیژنەی هاتووچۆی سەر بە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانییەوە پسوڵەی سەرپێچی بۆ کراوە.

سەرۆکی لیژنەی هاتووچۆ ئاماژەی بەوەشدا، لەکاتی سەردانی لیژنەکە بۆ  پارکەکانی چاڤیلاند، دەرکەوتوە کە شەقامە گشتییەکانی چواردەوری پڕۆژەکەی وەک پارکی وەستانی ئوتومبێل بەکارهێنراوە و کرێییەکی زۆریش لە شۆفێران وەرگیراوە.

قایمقامیەتی سلێمانی هەروەها ئاماژەی بە سەرپێچییەکی دیکەی پارکەکان داوە، کە ئەویش هەبونی بڕێکی زۆری قەرزەی قائیمقامیەتی سلێمانییە کە بەهۆی تۆمارکردنی سەرپێچییەکی زۆری ساڵانی پێشوە کە نەپابەندی مەرجەکانی کارکردن نەبوە سزای دارایی بۆ نوسراوە.

رائیدی هاتوچۆ دانا عوسمان راشیگەیاند، بە فەرمانی قایمقامی سلێمانی هەرسێ پارکی وەستانی ئۆتۆمبێلەکانی پڕۆژەی گەشتیاری چاڤیلاند دادەخرێت و روبەڕوی رێکارە یاساییەکانیش دەکرێنەوە.