بە هۆی دەستدرێژی سێکسیەوە ئافرەتان قوربانی یەکەمی شەڕی سوودانن

هاووڵاتیانی سوودان
هاووڵاتیانی سوودان

K24 - هەولێر

دەستدرێژیکردنە سەر ئافرەتان، تەنانەت منداڵانی خوار تەمەنی 18 ساڵ، لە خەرتومی پایتەختی سوودان و شارەکانی دیکە، زیاتر لە خودی شەڕەکە بووەتە پرسی گەرمی ئەو دۆخەی بەهۆی شەڕەوە لە وڵاتەکەیان هاتووەتە ئاراوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، 49 حاڵەتی پشتڕاستکراوەی دەستدرێژی سێکسی لە سوودان تۆمارکراوە، هەروەها بەشێک لە رزگاربووەکان لەبەردەم هاوسەر و منداڵەکانیان دەستدرێژییان کراوەتە سەر و هەندێکیان تووشی فشاری دەروونی بوونە لە ئەنجامی زیاتر لە جارێک دەستدرێژیکردنە سەریان، لەلایەن کەسانێکەوە کە یەکپۆشی "هێزەکانی پشتیوانی خێرا"یان لەبەردایە، هەروەها زۆرێک لە حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی لە ترسی کاردانەوەی کۆمەڵایەتی تۆمار ناکرێت.

سەلیمی ئیسحاق، سەرۆکی یەکەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی راگەیاند: لە دارفور 25 حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی هەبووە، لە خەرتومیش 24 حاڵەت ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 12 ساڵانە، 54 حاڵەت هەبووە.

ئیسحاق ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو حاڵەتانەی تۆمار کراوە تەنها لە %2، چونکە لە راستیدا زۆرجار تاوانی توندوتیژی سێکسی بێدەنگ دەکرێت"، بە ئاماژەدان بەوەی کە بەربەست لەبەردەم رزگاربووان هەیە، وەک کەمی دەزگاکان کە بتوانن پشتگیریان بکەن.

گوتیشی: ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت دۆخێکی ئاژاوەگێڕییە، لەلایەن ئەو هێزانەوە ئەنجام دەدرێت کە سەرکردایەتییان نییە، هەندێکجاریش مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو هێزانە قورسە.

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرینەی رزگاربووان روونیان کردووەتەوە، ئەو دەستدرێژیانەی کراوەتە سەریان لەلایەن ئەو هێزانە بووە کە یەکپۆشی "هێزەکانی پشتیوانی خێرا"یان لەبەردا بووە.

یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی رایگەیاند، دەستدرێژیکردنە سەر ئافرەتان "تاوانی جەنگە"و ئەم یاسایە رێگە بەو کەسانە نادات کە هەڵگری پێگەی "جەنگاوەر"ن دەستدرێژی بکەنە سەر ئافرەتان یان زیان بە خەڵکی مەدەنی بگەیەنن.

دەشڵێت: ئەوەی دەگوزەرێت ئەوەیە کە ئافرەتان لەو شەڕە قوربانیی یەکەمن و هەندێکجاریش مەبەست لە دەستدرێژیکردنە سەریان، بۆ شەرمەزارکردنی دوژمنە.

سوپای سوودان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەستدرێژی سێکسییان بەرامبەر ئافرەتان و منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵ ئەنجامداوە، هەروەها وەزارەتی دەرەوەش ئیدانەی داگیرکردنی نەخۆشخانەی منداڵبوونی "ئوم دەرمان"ی کرد، کە کارمەندانی پزیشکیان دەرکردووە و دووریان خستووەتەوە لە ئافرەتانی دووگیان.

بەڵام هێزەکانی پشتیوانی خێرا رایانگەیاندووە، کە ئەوان ئەو تاوانانەیان ئەنجام نەداوە، هەروەها یەکپۆشی ئەو هێزانە لەلایەن هەندێک کەسەوە بۆ لەکەدارکردنی ئەوان بەکارهێناوە.