هۆشداری لە پەرەسەندنی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا دەدرێت

K24 - مۆسکۆ

پاش پەرەسەندنی هێرشە درۆنییەکانی هەریەک لە رووسیا و ئۆکرنیا بۆ سەر پایەتەختەکانی یەکتری، شرۆڤەکارانی سەربازی و بیرمەندانی سیاسی، باس لە دەرکەوتنی رەهەندی ترسناکی ئەو جەنگە دەکەن.

شەڕی درۆنەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بۆ سەر پایتەختەکانی یەکتری، رەهەندێکی هەستیاری جەنگەکە بەدەردەخات. هەرچەندە رووسیا لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەیدا رایگەیاندبوو، کە ئامانجیان کۆنترۆڵکردنی هەرێمی دەنباسە، بەڵام هێرشەکانی رووسیا خوێندنەوەی جیاواز هەڵدەگرن.

ئەلێکساندر دوگین، فەیلەسوف و دامەزرێنەری رەوتی ئۆراسیاگەرایی بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئۆکرانیایەکمان دەوێت کە لە چوارچێوەی رووسیادا بێت، گەشەکردو و پێشکەوتوو، با بە زمانی جیاجیا بدوێن، گرنگە دژی رووسیا نەبێت، ویستمان دۆستی رووسیا بێت سەری نەگرت، ویستمان بێلایەن بێت دیسان سەری نەگرت، من دڵنیام کە کێشەی ئۆکرانیا بە سەرکەوتنی ئێمە کۆتایی دێت".

دەشڵێت: "من سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، کتێبێکم لەسەر ئەوە نووسیوە کە ئۆکرانیا پارچە پارچە دەبێت و دواجار دەکەوێتە ناو بازنەی ئیمپراتۆری نوێی ئۆراسیاوە، ئەم کێشەیە چەند دەخایەنێت من نازانم و ناتوانم خەمڵاندنی بۆ بکەم، چونکە بە گەلێک هۆکاری جیاجیاوە بەندە، من دەزانم کە رووسیا بەو هەلومەرجەی ئێستایەوە ناتوانێت ئەو سەرکەوتنەی من باسی دەکەم بەدەستی بهێنێت".

دوای ئەو شەڕە قورسەی لە باخموت بەڕێوەچوو، رووسیا هەوڵەکانی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی هەرێمی دانێتسک خستووەتەگەڕ، وڵاتانی رۆژئاواش ئاستی هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ ئۆکراینا زیاتر کردووە. 

دینیس پوشیلین، سەرۆکی کۆماری دانێتسک دەڵێ: "لە دانێتسک پرۆسەی رزگارکردنی هەرێمەکە بەردەوامە، هەنووکە لە پاڵ ئاستەنگی سەربازیدا ئێمە تووشی ئاڵەنگاری گەشەی ئابووری بووینەتەوە، بەرنامەی باشمان داناوە بۆ سەرنجڕاکێشانی وەبەرهێنەران، بەو پێیەی ئێمە بە یاسای ئابووری ئازاد کاردەکەین، تا کۆمپانیاکان روو لە ناوچەکە بکەن، کێشەکان زۆرن بەڵام تێگەیشتنی روونمان هەیە بۆ چارەسەر و لە هەموو بوارەکاندا کاریان لەسەر دەکەین، ئۆکرانیا ئەستەمە بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشووی، جارێکی دیکە نابێتەوە بەو وڵاتەی پێش پرۆسەی تایبەتی سەربازی هەبوو، شتێکی نوێ بەرهەم دێت لەو هەلومەرجەی ئێستا لەگۆڕێیە".

24ی شوباتی 2022 رووسیا بە ئامانجی پاراستنی هاووڵاتیانی هەرێمی دەنباس، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە دژی ئۆکراینا دەستپێکرد، ئەگەرچی مۆسکۆ دەیویست مەترسییەکان لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی دوور بخاتەوە، بەڵام تادێت گۆڕەپانی جەنگەکە فراوانتر دەبێت و پریشکی ئاگرەکە سنوورەکانی رووسیای بڕیوە و  زیانی بە چەندین ناوچەش گەیاندووە.