نوعمان کورتوڵمووش بە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هەڵبژێردرا

نوعمان کورتوڵمووش
نوعمان کورتوڵمووش

K24 – هەولێر:

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی نوێی تورکیا، نوعمان کورتوڵمووش بە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هەڵبژێردرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە (7ـی حوزەیرانی 2023)، نوعمان کورتوڵموش، جێگری سەرۆکی ئاکپارتی، کە کاندیدی هەردوو فراکسیۆنی ئاکپارتی و مەهەپە بوو لە پەرلەمانی تورکیا، بە سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا.

نوعمان کورتوڵمووش بە دەنگی 321 پەرلەمانتار لە گەڕی سێیەمی هەڵبژاردن بە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هەڵبژێردرا، لە کاتێکدا هەریەکە لە جەهەپە و چەند فراکسیۆنێکی دیکەی پەرلەمان کاندیدیان بۆ ئەو پۆستە هەبوو.

لە یەکەم گوتاریدا وەک سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، نوعمان کورتوڵمووش جەختی لەسەر بەردەوامبوون لەسەر پەیڕەوکردنی سیستەمی سەرۆکایەتی بۆ تورکیا کردەوە.

رۆژی هەینی (2ـی حوزەیرانی 2023)، خولی 28ـەمینی پەرلەمانی تورکیا سوێندنی یاساییان خوارد کە لە (14ـی ئایاری 2023) هەڵبژێردران.

بەگوێرەی دەرئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە رۆژنامەی فەرمی دەوڵەت بڵاویکردووەتەوە، لیستی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) 268 کورسی بەدەستهێناوە، لیستی پارتی گەلی کۆماری تورکیا (جەهەپە) 169 کورسی، پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) 61 کورسی،  پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) 50 کورسی، ئیی پارتی 43 کورسی، پارتی یەنیدەن رەفا پێنج کورسی و پارتی کرێکاری تورکیا چوار کورسییان بەدەستهێنا.

یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی تورکیا بە سەرۆکایەتی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە وەک بە تەمەنترین پەرلەمانتار ئەنجامدەدرێت و چەند پارتێکی نوێش بۆ یەکەمینجارە نوێنەریان هەیە.

لە هەڵبژاردنی 14ـی ئاداری پەرلەمانی تورکیا، 15 پارتی سیاسیی توانییان لە خولی نوێ کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنن، کە ژمارەیەکیان یەکەمین جارە دەگەنە پەرلەمان و سێ پارتی خولی پێشووش شکستیان هێنا لە شکاندنی بەربەستی یاسایی بۆ گەیشتن بە پەرلەمان.

بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن، سێ پارتی سیاسی خولی پێشوو نەیانتوانی لە هەڵبژاردنی 2023ـدا بەربەستی یاسایی (7%) تێپەڕێنن کە بریتین لە پارتی زەفەر، پارتی نوێکاری و پارتی یەکگرتووی گەورە.

هەروەها ئەو پارتە سیاسییە نوێیانەی توانییان مافی نوێنەرایەتیکردن بەدەستبێنن لە پەرلەمانی تورکیا، بریتین لە چەپی سەوز کە نوێنەرایەتی هەدەپە دەکات، پارتی یەنیدەن رەفا، پارتی داهاتوو، پارتی دەڤا، پارتی چەپی دیموکرات، هوداپار و پارتی گۆڕانکاری تورکیا.

بەگوێرەی یاساکانی تورکیا، هەر لایەنێک زیاتر لە 300 کورسی بەدەستبهێنێت، دەتوانێت پرۆژەیاسا پێشکەشی پەرلەمان بکات و رەزامەندی خۆی بە ئەرێنی و نەرێنی لەسەر بڕیارەکانی سەرۆک کۆمار دەرببڕێت بە پەسەندکردن یاخود رەتکردنەوە.

هاوکات هەر لایەنێک بگات بە 360 کورسی یان زیاتر، مافی ئەنجامدانی ریفراندۆمی دەبێت لەبارەی هەر بابەتێک کە پێویستییەتی. جیا لەوەش هەر لایەنێک 400 پەرلەمانتار یان زیاتری هەبێت لە پەرلەمان، دەتوانێت گۆڕانکاری لە دەستووردا بکات.

پەرلەمانی تورکیا لەم خولەدا لە 600 کوسی پێکهاتووە و بەسەر 87 بازنەی هەڵبژاردن لە 81 پارێزگاکەی تورکیا دابەشکراوە کە زۆرترین کورسی لە ئیستانبوڵ و ئەنقەرە و ئیزمیرە.