لە سنووری شێخان زیاتر لە 50 هەزار تۆن پیاز بەرهەم دەهێنرێت

K24 - شێخان

ئەمساڵ چوار هەزار دۆنم زەوی لە سنووری قەزای شێخان بە پیاز داچێندراوە و پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی پیاز لەو دەڤەرە بگاتە زیاتر لە 50 هەزار تۆن.

ئەحمەد ناجی، جووتیارێکی ناوچەکەیە بە کوردستان24ی گوت: "ئەمساڵ بەرهەمی پیاز زۆر باشە و بۆ ساغکردنەوەش لە بازاڕ کێشەمان نییە، ئەمەش بەهۆی رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق، بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق".

جووتیارێکی دیکەی سنووری شێخان، بەناوی نەوزاد حەمید دەڵێت: "ئەمساڵ زەوییەکی زۆر بە پیاز داچێندراوە و بەرهەمەکەشی زۆر باشە، لە هەمانکاتدا نرخەکەشی باشە بۆ جووتیاران، گرنگ ئەوەیە پیاز لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان هاوردە نەکرێت، چونکە بەرهەمی ناوخۆمان زۆرە".

لەم چەند ساڵەی دواییدا جووتیارانی دەڤەری شێخان، بە رێژەیەکی زۆر زەوییەکانیان بە پیاز دادەچێنن، ئەنوەر خدر راوێژکار لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی شێخان، زەوییەکانی سنوورەکە بە گونجاو دەزانێت بۆ بەرهەمهێنانی پیاز و دەڵێ: "ناوچەکەمان ئاو و هەوای گونجاوە بۆ بەرهەمێهێنانی پیاز".