گفتوگۆ لەسەر بودجەی ساڵانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێت

K24 – هەولێر

بە ئامادەبوونی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرپرسی راوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ لەسەر بودجەی ساڵانەی وەزارەتی پێشمەرگە و پرسە داراییەکان کرا.

بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی 7ی حوزەیرانی 2023، بە سەرپەرشتیی لیوا روکن بەختیار محەممەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، کۆبوونەوەی لیژنەی پلان و پڕۆگرامی دارایی و بودجەی وەزارەت بەڕێوە چوو. لەو کۆبوونەوەیەدا کە بەڕێوەبەری میلاک و پلاندانان و جێگری بەڕێوەبەری داراییی وەزارەتی پێشمەرگە و ژمارەیەک لە گەورە ئەفسەرانی وەزارەت و کۆڵۆنێڵ جیم هەنتەر، بەرپرسی راوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی بودجەی ساڵانەی وەزارەتی پێشمەرگە و پرسە داراییەکان کرا.

ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لەو کۆبوونەوەدا چەندین سەرنج و پێشنیار لەبارەی ئەو بابەتە خرانەڕوو، جەخت لە هەماهەنگیی نێوان فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە سەربازییەکان کرایەوە.